
وەفدێكی نەوتیی ئێران لە بەغدادە؛
ئەمریكا، عێراق تۆمەتبار دەكات بە یارمەتیدانی ئێران لە بەقاچاخبردنی نەوت
باسک نێت
حسێن حسێزادە بریكاری وەزیری نەوتی ئێران و ژمارەیەك لە بەرپرسانی تری ئەو وەزارەتە گەیشتنە بەغداد.
وەفدە نەوتییەكەی ئێران لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق كۆبوونەوە، راگەیەندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ باسلە ئاسۆی هاوكاری نێوان هەردوو وڵات كراوە لە بوارەكانی نەوت و غازو وزە.
سەردانی وەفدەكەی ئێران لەكاتێكدایە ئەم رۆژانە جارێكی تر وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا سزای بەسەر سەرمایەدارێكی عێراقیدا سەپاندو تاوانباری كرد بەوەی نەوتی ئێرانی تێكەڵ بە نەوتی عێراق كردووەو بە قاچاخ فرۆشتویەتی، ئەمە بۆ خۆپاراستن لە سزاكانی ئەمریكا.
ئەمە جاری یەكەم نییە ئەمریكا، عێراق تۆمەتبار دەكات بە یارمەتیدانی ئێران لە بەقاچاخبردنی نەوت، تۆمەتێك كە بەغداد بەردەوام رەتیدەكاتەوە.




