كەش و هەوا
باران بارین کۆتایی نەهاتووە شەپۆلێكی تەرزە و تاوەباران هەرێم دەگرێتەوە

هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی شارەزای بواری كەشناسی رایدەگەیەنێت، بارستە هەوایەكی گەرم جێگای بارستە هەوای ساردی مامناوەندیی جەمسەری هەرێم دەگرێتەوە و هەفتەی داهاتوو شەپۆلێكی تەرزە و تاوەباران ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، لە سبەینێوە كاریگەریی ئەو بارستە ساردە مامناوەندە جەمسەرییەی كە ماوەی سێ رۆژە روویكردووەتە هەرێمی كوردستان كەشێكی فێنكی لە سەرجەم ناوچەكەمان دروستكردووە بەرەو لاوازبوون دەچێت و كۆتایی دێت و بارستە هەوای گەرما كە بە بارستە هەوای گەرمی خەماسینی ناسراوە جێگای دەگرێتەوە پلەكانی گەرما سێ پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە.
دەشڵێت، “پێشبینیدەكرێت لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بە دیاریكراوی لە نێوان 12 بۆ 15ی ئەم مانگە شەپۆلێكی دیكەی تاوەبارانی بەهاری و هەورەبروسكە و تەرزە روو لە بەشێكی زۆری ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان بكات و دووبارە تاوەباران و هەورە بروسكە دەستپێدەكاتەوە”.




