كەش و هەوا
باران بارین دەست پێدەكات

باسک نێت
ئەمڕۆ هەینی 7/3/2025، بەشی پێشبینیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن پێشبینییەكانی كەشوهەوای بۆ 48 كاتژمێری داهاتوو بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە داوە، ئەمڕۆ، ئاسمان بە گشتى هەور دەبێت، لە کاتەکانی ئێوارە لە پارێزگاكانی سلێمانی، هەڵەبجە و کەرکووک، هەروەها لە ئیدارەی گەرمیان، نمەباران و بارانی مامناوەند دەبارێت.
باس لەوەش كراوە، هەر ئەمڕۆ و لە کاتەکانی درەنگانی شەودا، کاریگەریی دابارین زیاتر دەبێت و زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، هەندێک کات لێزمەباران دەبارێت و هەورەتریشقەشی لەگەڵدا دەبێت.
بەشی پێشبینیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن پێشبینیی ئەوەش دەكات، ئەمشەو لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی پارێزگای هەولێر، کەمێک بەفر و کڕێوە ببارن.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، سبەی شەممە 9/3/2025، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، لە کاتەکانی بەیانیی زوودا بارانی مامناوەند دەبارێت، پاشان لە هەندێک ناوچەدا بۆ نمەبارانی پچڕپچڕ دەگۆڕێت، بەڵام لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەی گەرمیان، کاریگەریی دابارین زیاتر دەبێت، هەندێک کاتیش لەم ناوچانەدا، لێزمەباران دەبارێت و هەورەتریشقەشی لەگەڵدا دەبێت.
بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر: 19 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 16 پلەی سیلیزی
دهۆک: 20 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 19 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 22 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 14 پلەی سیلیزی
سۆران: 15 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 5 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 21 پلەی سیلیزی




