
(1905) ئەفسەرو كارمەندی سوریا گەڕێندرانەوە بۆ وڵاتەكەیان، بەڵام چەكەكانیان هێشتا لە عێراقە
باسک نێت
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە بەیاننامەیەكدا:
رۆژی 7ی ئەم مانگە كانونی، ژمارەیەك لە ئەندامانی سوپای سوریا لە ئەفسەرو پلەدارو فەرمانبەرو پاسەوانەكانی دەروازەی ئەلبوكەمالی سوریا پەنایان بۆ هێزە عێراقییەكان هێناو داوای هاتنەناوەوەیان بۆ ناو خاكی عێراق كرد، ئەمە لەبەرەنجامی رووداوەكانی ئەمدواییە لە سوریا.
لەبەر لایەنی ئینسانیی و، پاش وەرگرتنی رەزامەندیی بەشێوەی فەرمی، هێزەكدارەكانمان كە لەبەرامبەر دەروازەكەی سوریا بوون، رێگەیان پێدان بێنە ناوەوە، هاوكات دەستكرا بە پێكهێنانی لیژنەی جیاواز لە وەزارەت و فەرمانگە ئەمنیی و هەواڵگرییەكان عێراق بە هاوكاریی و هەماهەنگیی لەگەڵ ئەو پێكهاتەی سوریا كە رێگەیان پێدرابوو بێنە ناو خاكی عێراقەوە، ئەمە بەمەبەستی جەردكردنی ناو و ئەو چەكانەی كە پێیان بوو.
هەروەك شوێنێكیش لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە تەرخانكرا بەمەبەستی نیشتەجێكردنی ئەندامانی ئەم پێكهاتەی سوریاو ئامادەكردنی هەموو كەلوپەلێكی تایبەت بە خۆیان و تەواوكردنی جەردی چەك و پاراستنی لەلایەن ئەمیندارێتیی میرەی وەزارەتی بەرگرییەوە.
دوێنێ 18ی كانونی یەكەمی 2024، لەسەر داوای خۆیان (36) كارمەندی سوریی كە لە دەروازەی ئەلبوكەمال كاریان دەكرد، گەڕێندرانەوە بۆ وڵاتەكەی خۆیان.
لە بەیانی رۆژی پێنج شەممە 19ی ئەم مانگەش، وەكو رێزێك بۆ گەلی سوریاو ئیرادەی ئەو كەسانەی كە سەربەم پێكهاتەیە بوون، هەروەها لەسەر داوای خۆیان، لە دەروازەی قائیمەوە گەڕێندرانەوە بۆ وڵاتی خۆیان، ئەمە پاش وەرگرتنی بەڵێننامە بەشێوەی دەستنوس لەو كەسانەی كە داوای گەڕاندنەوەیان دەكرد بۆ وڵاتەكەیان و بۆلای خانەوادە بەڕێزەكانیان، بەوەی كە لێبوردنی دەسەڵاتدارانی ئێستای سوریا دەیانگرێتەوە كە لێبوردنە لە سەرجەم كارمەندانی سوریاو رادەستكردنەوەیان بە ناوەندەكانی تایبەت بە خۆیان، بە هەماهەنگیی لەگەڵ ژمارەیەك لایەن لە سوریا (1905) ئەفسەرو كارمەندی سوریا گەڕێندرانەوەو بەشێوەیەكی یاسایی رادەستی هێزی پاسەوانیی لەلایەنی سوریا كران لە دەروازەی سنوریی قائیم.
هێزە ئەمنییەكان عێراق داوا لە دەسەڵاتەكانی ئێستای سوریا دەكەن پارێزگاری لەو ئەفسەرو كارمەندانە بكەن كە گەڕێندراونەتەوەو لێبوردن بیانگرێتەوەو گەرەنتی گەڕانەوەیان بكرێت بۆ ناو خێزانە بەڕێزەكانیان كە چاوەڕوانیان دەكەن، ئەمەش وەكو پابەندبوونێك بە پێوەرەكانی مافی مرۆڤ و نیشاندانی نیازپاكیی.
هەروەك جەخت دەكەین كە ئەو چەكانەی كە لای ئەم پێكهاتە سورییە بووە، هێشتا لە میرەی وەزارەتی بەرگرییەو لەحاڵی پێكهاتنیدا رادەستی حكومەتی نوێی سوریا دەكرێتەوە.
خوای گەورە گەلی سوریا لە هەر زیانێك بپارێزێت




