
ئۆكرانیا بەڵێنی ناردنی خۆراك بە سوریا دەدات
باسک نێت
بەهۆی نادڵنیایی لە حكومەتی تازەی دیمەشق و كێشەی دواكەوتنی پارەدان، روسیا هەناردەی گەنمی بۆ سوریا راگرتووە، بەڵام سەرۆكی ئۆكرانیا دەڵێ فەرمانم دەركردووە یارمەتی سوریا بدرێت و رێگری بكرێت لە دروستبوونی قەیرانی خۆراك.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا دەڵێ: رێنمایم بۆ حكومەتەكەم دەركردووە میكانیزم دابنێت بەمەبەستی دابینكردنی خۆراك بۆ سوریا بە هاوكاریی لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و هاوبەشەكان، لەدوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەدەوە.
لە نوسینێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (X)، زیلینسكی رایگەیاند” ئامادەین بۆ یارمەتیدانی سوریا بۆ رێگریكردن لە دروستبوونی قەیرانی خۆراك، بەتایبەتی لەرێگەی پرۆگرامی مرۆیی (دانەوێڵەی ئۆكرانیا)وە”.
ئۆكرانیا بەرهەمهێنەرو هەناردەكاری جیهانیی دانەوێڵەو ئەو تۆوانەیە كە رۆنی زەیتیان لێ دروستدەكرێت، پێشتر كە گەنم و گەنمەشامی هەناردەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكرد، سوریای لێ بەدەر كردبوو.
لەسەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەددا، سوریا ماددە خۆراكییەكانی لە روسیاوە هاوردە دەكرد، بەڵام بەهۆی نادڵنیایی لە حكومەتی نوێی دیمەشق و كێشەی پارەدان، ئێستا هەناردەی گەنمی روسیا بۆ سوریا راوەستاوە.




