
زیاتر لە ٥٠٠ هەزار فەرمانبەری گرێبەست دەکرێنە هەمیشەیی، ١٢٠ هەزار پلەی وەزیفیی نوێش بۆ وەزارەتەکان تەرخان دەکرێت
باسک نێت
وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، کە لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ـدا زیاتر لە ٥٠٠ هەزار فەرمانبەری گرێبەست و کرێکاری ڕۆژانە دەکرێنە هەمیشەیی، و هاوکات ١٢٠ هەزار پلەی وەزیفیی نوێش بەشێوەی گرێبەست بۆ دەزگا ئەمنییەکان و وەزارەتەکان تەرخان دەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 24ـی 10ـی 2026، حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕێنمایی داوەتە جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئابووری و وەزیری دارایی، کە لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ـدا ١٢٠ هەزار پلەی وەزیفی بەشێوەی گرێبەست جێگیر بکەن، شانبەشانی کردنە هەمیشەییی فەرمانبەرانی گرێبەست و کرێی ڕۆژانە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هەنگاوە ئامانج لێی ڕەخساندنی هەلی کارە بۆ گەنجان بەپێی گەشەی دانیشتووان، بەتایبەتی کە ژمارەی دانیشتووانی عێراق بەرەو ٥٠ ملیۆن کەس نزیک دەبێتەوە.
سەبارەت بە ئاماری ئەو کەسانەی دەکرێنە هەمیشەیی، وتەبێژی حکومەت ڕوونیکردەوە، کە ژمارەکە کەم نییە و دەگەڕێتەوە بۆ چەند ساڵی ڕابردوو. وەزارەتی دارایی ئاماری سەرجەم گرێبەست و کرێکارانی ڕۆژانەی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا کۆکردووەتەوە و تێچووە داراییەکانیانی خەمڵاندووە، کە کۆی گشتییان لە ٥٠٠ هەزار کەس تێپەڕ دەکات.
هەروەها ئاشکرای کرد، کە لە کۆی ئەو ١٢٠ هەزار پلە وەزیفییە نوێیەی کە تەرخان کراوە، ٥٠ هەزاریان بۆ دەزگا ئەمنییەکان و ٧٠ هەزاریشیان بەسەر وەزارەتەکانی دەوڵەت و پارێزگاکاندا دابەش دەکرێن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، حەیدەر عەبوودی باسی لەوە کرد، کە پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٧ ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا تاوتوێ دەکرێت و دواتر دانیشتنێکی تایبەتی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ تەرخان دەکرێت، پێش ئەوەی ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت.
سەبارەت بە شێوازی پێشکەشکردن بۆ دامەزراندنە نوێیەکانیش جەختی لەوە کردەوە، کە لە ڕێگەی پلاتفۆرمێکی ئەلیکترۆنییەوە دەبێت بۆ زامنکردنی شەفافییەت و دادپەروەری، و پرۆسەکەش دوای پەسەندکردنی بودجە و دەرکردنی ڕێنماییەکان دەست پێدەکات.




