
ئەنجومەنی باڵای دادوەری:
مانگی رابردوو لە هەر شەش خولەكێكدا لە عێراق حاڵەتێكی جیابووەنەوە روویداوە:
باسک نێت
داتا فەرمییەکانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ئاشکرایان کردووە، لە مانگی ئەیلولدا رۆژانە 225 حاڵەتی جیابوونەوەی لە سەرانسەری وڵات تۆمار کراوە.
بەپێی ئامارەکانی ئەنجومەنەکە، لە مانگی ئەیلولدا بە گشتی 6741 جیابوونەوە هەبووە، بە تێکڕا 225 جیابوونەوەیە لە رۆژێکدا، واتە نزیکەی 9 حاڵەت لە کاتژمێرێکدا، کە ئەمەش دەکاتە نزیکەی حاڵەتێكی جیابوونەوە لە هەر شەش خولەکێکدا.
بەغدای پایتەخت لە ریزبەندی پێشەوەی شارەکانی عێراقدا هاتووە، دوای ئەویش پارێزگاری نەینەوا و بەسرە دێن، لەکاتێکدا ئامارەکانی پارێزگاکانی تر تاڕادەیەک لە یەکترەوە نزیكن.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، وەلا محەمەد، ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی عێراق بە رۆژنامەی “العربی الجدید”ی راگەیاندووە، ئەو ژمارانەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بڵاویان کردووەتەوە سنوردارە بە جیابوونەوەکان کە لە ڕێگەی دادگاکانەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، پێدەچێت ژمارەی راستەقینە زیاتر بێت، چونکە زۆرێک لە جیابوونەوەکان لە دەرەوەی سیستەمی یاسایی فەرمی روودەدەن و بێ بەڵگەنامە دەمێننەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ساڵی 2021ەوە ژمارەی حاڵەتی تەڵاق لە عێراق مانگانە لە 6 هەزار حاڵەت دانەبەزیووە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەزاران خێزان لە مانگێکدا، کە زۆرجار منداڵان دەبنە قوربانی.




