
ماڵپەرێكی ئەمریكی:
ئێران پێشنیازێكی نوێی پێشكەش ئەمریكا كردووەو ئەمڕۆ ترەمپ لەسەر پرسە كۆدەبێتەوە
باسک نێت
ماڵپەری “ئاکسیۆس” بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی ئەمریکی و دوو سەرچاوەی ئاگادار رایگەیاندووە، ئێران لە رێگەی نێوەندگرانی پاکستانەوە پێشنیازێکی نوێی پێشکەش بە ئەمریکا کردووە.
ئەم پێشنیازە نوێیەی ئێران ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و کۆتایی هێنان بە شەڕ، هاوکات دواخستنی دانوستانە ئەتۆمییەکان.
هاوكات ماڵپەرەكە لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکیەوە باسی لەوەكردووە، پێشنیازەكەی ئێران بە ئامانجی تێپەڕاندنی ناکۆکی نێوان سەكردەكانی ئێرانە سەبارەت بە دۆسییەی ئەتۆمییەكان.
بە گوێرەی سەرچاوەكە، بڕیارە ئەمڕۆ ترەمپ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتەكەی سەبارەت بە ئێران ئەنجام بدات، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دانوستان لەگەڵ ئێران و هەنگاوەکانی داهاتووی شەڕ بکرێت.
بەپێی پێشنیازە نوێیەكەی ئێران، ئاگربەست بۆ ماوەیەکی درێژ، درێژ دەکرێتەوە، یان رێککەوتنێک بکرێت بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی هەمیشەیی.
نێوەنگیرە پاکستانییەکان پێشنیازی ئێرانیان خستووەتە بەردەم کۆشکی سپی، بەڵام ڕوون نییە ئایا واشنتۆن ئامادەیە تاوتوێی بکات یان نا.
هەر بەگوێرەی ئەو پێشنیازە نوێیەی ئێران، دانوستانە ئەتۆمییەکان تا دوای کردنەوەی گەرووی هورمز و هەڵگرتنی سزاکان لە سەر ئێران دەست پێناکەن.




