جیهانڕاپۆرتهەواڵ

 تا ئێستا هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە شەڕی ئێراندا لانیکەم حەوت فڕۆکەی لەدەستداوە

ئاژانسی هەواڵی سی ئێن ئێن:
تا ئێستا هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە شەڕی ئێراندا لانیکەم حەوت فڕۆکەی لەدەستداوە
باسک نێت
ئاژانسی هەواڵی “سی ئێن ئێن” ئاشكرای دەكات: تا ئێستا هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە شەڕی ئێران لانیکەم حەوت فڕۆکەی لەدەستداوە.
لە دەستدانی فڕۆکەیەکی جۆری F-15 و فڕۆکەیەکی جۆری A-10ی هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە دوو رووداوی جیادا رۆژی هەینی، کۆی گشتی ئەو فڕۆکانەی لە شەڕی لەگەڵ ئێراندا لەناوچوون، گەیاندە حەوت فڕۆکە.

ئاژانسە ئەمریكیەكە رایگەیاندووە: لە 2ی ئازاردا، بەرگری ئاسمانی کوەیت سێ فڕۆکەی جۆری ئێف 15یان لە رووداوی” ئاگری دۆست”دا لە ئاسمانی کوەیت خستە خوارەوە، هەر شەش فڕۆکەوانەکە بە سەلامەتی دەرچوون و پیت هیگسێت، وەزیری بەرگری ئەمریکا لەم هەفتەیەدا رایگەیاند، ئەو فڕۆکەوانانە گەڕاونەتەوە سەر ئەرکەکانیان و بەشداری لە هێرشە ئاسمانییەکان دەکەن بۆ سەر ئێران.

لە 12ی ئازاردا، شەش ئەندامی تیمێكی فڕۆکەوانی ئەمریکی گیانیان لەدەستدا، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فرۆكەیەكی جۆری KC-135 سووتەمەنی پڕكردنەوە لە عێراق.

سوپای ئەمریکا رایگەیاند، فڕۆكەكە بە تەقەی دوژمنکارانە یان دۆستانە نەخراوەتە خوارەوە، بەڵکو لە کاتی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیدا لەگەڵ فڕۆکەیەکی دیكەدا دووچاری روداوێك بوون و فڕۆکەی دووەم بە سەلامەتی نیشتوەتەوە.

لە 27ی ئازاردا، وێنە جیۆلۆجیەکانی کەناڵی سی ئێن ئێن، فڕۆکەیەکی ئاسمانی E-3 Sentry ی هێزی ئاسمانی ئەمریکای دەرخست کە فڕۆکەیەکی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و کۆنترۆڵکردنە، لە بنکەی ئاسمانی شازادە سوڵتان لە سعودیە لە هێرشێکی ئێراندا تێكشكێندرا، لەو هێرشەدا بۆ سەر بنکەکە لانیکەم ١٠ ئەندامی خزمەتگوزاری ئەمریکی برینداربوون، بەڵام هیچ کوژراوێک نەبووە، هەروەها بەپێی سەرچاوەکان، فڕۆکەیەکی سووتەمەنی هێزی ئاسمانی ئەمریکاش زیانیان بەرکەوتووە.

جگە لەوەش، دوو سەرچاوەی ئاگادار بە سی ئێن ئێنیان راگەیاندووە، فڕۆکەیەکی جەنگی ئەمریکی جۆری F-35 مانگی رابردوو بە ناچاری لە بنکەیەکی ئاسمانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشتووەتەوە، كە پێدەچێت بەهۆی ئاگری ئێرانەوە پێكرابێت.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close