
180پەرلەمانتاری ئێران داوایان لە خامنەیی كردووە فەتواكەی بگۆڕێت
باسک نێت
رۆژنامەی (الجریدة):
ئەندامێكی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە ئەنجومەنی شورای ئێران ئاشكرایكردووە: (180) پەرلەمانتار لە نامەیەكی نهێنیدا بۆ عەلی خامنەیی، رابەڕی باڵای ئێران، داوای گۆڕینی فەتواكەی و رێگەدانیان كردووە بە دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی پێش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا لە (20) كانوونی دووەمی داهاتوو دەستبەكاربێت.
پەرلەمانتاران لە نامەكەیاندا جەختیانكردووە تەنانەت ئەگەر ئێران بچێتە ناو گفتوگۆی ئەتۆمیشەوە، ئەوا پێگەی دانوستانی بەهێزتر دەبێت ئەگەر ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی، بەتایبەت دوای لەدەستدانی سوریاو ئەو گورزانەی بەر بەرەی مقاوەمە كەوتووە.
نامەكە ئاماژەی بەو هەواڵانە كردووە كە دوو رۆژە بڵاوبووەتەوە و باس لەوە دەكات، ئیسرائیل رۆژی (16)ی ئەم مانگە چەكی ئەتۆمی تەكتیكی لە سوریا تاقیكردووەتەوە، ئەوەشیان بە هەڕەشەیەكی راستەوخۆ بۆ سەر ئێران ناوبردووە.
بەتایبەت كە هێرشەكە (تاقیكردنەوەكە) بەو بۆمبە سنوردارە لەناوچەیەكی نزیك شاری تەرتوس بووە لە پارێزگای لازقیە، كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی عەلوین، ئەوەش مانای وایە، ئیسرائیل دەیەوێت چەكی ئەتۆمی بەكاربهێنێت بۆ كوشتنی شیعە لەناوچەكە.
لەسەر ئەو بنەمایە داوایان لە رابەڕ كردووە بە شەرع و بۆ پاراستنی شیعە فەتواكەی بگۆڕێت، ئامادەیی پەرلەمانیشیان پیشانداوە بۆ دەركردنی بڕیارێكی خێرا كە حكومەت پابەندبكات بە دورستكردنی چەكی ئەتۆمی، دوای گۆڕینی فەتواكەی كە لە ساڵی (2003) دا داویەتی بە حەرامكردنی بەكارهێنانی ئەو چەكە.
ئەو پەرلەمانتارانەی ئیمزایان لەسەر نامەكە كردووە، ئاماژەیان بەوەكردووە: ئیسرائیل چەكی ئەتۆمی تەكتیكی دژیان بەكاردەهێنێت تەنانەت ئەگەر ئەمریكاو وڵاتانی عەرەبیش رەتیبكەنەوە، بۆیە پێویستە لەسەر ئێران هاوسەنگیەكی نوێ بۆ چاوترسانی ئیسرائیل بدۆزێتەوە.
لیژنەكە ئەوەشیان بە خامنەیی وتووە، دژی هیچ دانوستانێك نین تەنانەت لەگەڵ ئەمریكاش، بەڵكو هانی ئەنجامدانی دەدەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەڕێی دیپلۆماسییەوە، بەڵام ئاسودەنین بە تیمی حكومەت بە سەرۆكایەتی محەمەد جەواد زەریف، یاریدەدەری سەرۆكی كۆمارو عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوە، لە زامنكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران بەتایبەت لە دانوستانە نا ئاشكراكان.
پەرلەمانتارەكان رەخنەیان لە عراقچی گرتووەو بە خاوەن دیدێكی سادەناویانبردووە، ئاماژەشیان بەوەكردووە، وەزیرانی دەرەوەی روسیاو توركیا یاریان پێكردووەو ئێران كارتی سوریا لەدەستداوە.
هەمان شتیش پێشتر رویداوە بەهۆی ئەوەی زەریف قەناعەتی بە مەسعود پزشكیان كردووە تا فشار لە سوپا بكات لەڕێی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەییەوە بۆ دواخستنی وەڵامی كوشتنی ئیسماعیل هنیە، كە ئەوەش وایكرد ئێران هاوسەنگی بەرپەرچدانەوە لە دەستبدات.