رۆیتەرز:
حزبوڵا دەستبەرداری غەززە بووە لەبەرامبەر راگرتنی شەڕ لە لوبنان
باسک نێت
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز:
سەركردەكانی حزبوڵای لوبنان دەستبەرداری مەرجی جێبەجێكردنی ئاگربەست بوون لەكەرتی غەززە بۆ راگرتنی شەڕ لە لوبنان، ئەوەش پاشەكشێیەكە كە بەردەوام جەختیان لێدەكردەوە بە بەردەوامبونیان لە هێرشكردن، تا ئەو كاتەی ئیسرائیل هێرشەكانی بۆ سەر بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی رادەگرێت لە كەرتی غەززە.
سەركردەكانی حزبوڵا بەردەوام رایاندەگەیاند، كردەوە جەنگییەكانیان دژی ئیسرائیل راناوەستنێنن هەتا جەنگ هەبێت لە غەززە، لە رۆژێكیش دوای هێرشەكەی حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل لە (7) ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووەوە، دەستیانكردووە بە موشەك هەڵدان بۆ ئیسرائیل.
بەڵام نەعیم قاسم، جێگری ئەمینداری حزبوڵای لوبنان، ئەو پرسەی یەكلاكردەوە لە دواین وتاری تەلەفیزیۆنیداو، وابەستەبونی راگرتنی جەنگی دژی ئیسرائیل بە جەنگی غەززە كۆتایی پێهێنا.
قاسم وتی: پشتیوانی هەوڵەكانی (نەبیه بری)سەرۆكی پەرلەمانی لوبنان دەكەن بۆ گەیشتن بە ئاگربەست، بەبێ بوونی مەرجی پێشوەخت.
دوو رۆژ لەمەوبەر، دوو سەركردەی حزبوڵاش لەبارەی ئاگربەستی لوبنان قسەیان كرد، بێئەوەی وابەستەی بكەن بە جەنگی غەززە.
تائێستا گروپی حزبوڵا راشكاوانە باسیان لە گۆڕینی هەڵوێستیان نەكردووە، بەڵام بەرپرسێكی حكومەتی لوبنان كە نەیویستووە ناوی بهێنرێت، ئاشكرایكردووە: حزبوڵا هەڵوێستی گۆڕیوە بەهۆی كۆمەڵێك پێشهات، لەوانە ئاواربوونی زۆرێك لە لایەنگر و دەنگدەرەكانی لە باشوری لوبنان و دەوروبەری باشوری بەیروت، وێڕای چڕكردنەوەی هێرشی زەمینی ئیسرائیل و ناڕەزایی هەندێك لەلایەنە سیاسیەكان لە هەڵوێستی حزبوڵا.
لە چەند رۆژی رابردوودا، ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی تائیفە جیاوازەكانی لوبنان داوای كۆتایهێنان بە جەنگ و راگەیاندنی بڕیاری ئەوەیان كرد، ئایندەی لوبنان پەیوەست نەبێت بە جەنگی غەززە.
هەر لەو چوارچێوەەیەدا، وەلید جونبلات، رابەری دروزییەكانی لوبنان رایگەیاند، چارەنوسمان وابەستەی چارەنوسی غەززە ناكەین.
هاوكات دیپلۆماتكارێكی باڵا خۆرئاوایی رایگەیاندووە: هیچ ئاماژەیەك بە دیناكرێت لەبارەی راگرتنی ئاگربەست، ئەو هەڵوێستەشی بەرپرسانی لوبنان گوزارشتی لێدەكەن، بە بەرەپێشچون دادەنرێت لە هەڵوێستەكانی رابردویان.
لای خۆیەوە، موهەند ئەلحاج، شارەزا لە سەنتەر كارنیگی بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاندووە: ئیسرائیل توانی ببێتە خاوەن دەستی باڵا لەڕێی چڕكردنەوەی فشارە سەربازییەكانی لەسەر حزبوڵا، بەڵام ئەو حزبە یاری سیاسی دەكات، تەنها ئەوە بەس نییە بەلای ئیسرائیلیەكانەوە، مەسەلەكە بەو شێوەیە ناڕوات.