جیهانڕاپۆرتهەواڵ

ئەمریكاو ئیسرائیل ئامادەكاری دەكەن دوای هەڵبژاردنی كۆنگرێس هێرشێكی چڕو فراوان بكەنە سەر ئێران

نیویۆرک تایمز:
ئەمریكاو ئیسرائیل ئامادەكاری دەكەن دوای هەڵبژاردنی كۆنگرێس هێرشێكی چڕو فراوان بكەنە سەر ئێران

باسک نێت
رۆژنامەی “نیویۆرک تایمز” لە زاری بەرپرسانی ئەمریکا و سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ئاشکرای کردووە، ئەمریکاو ئیسرائیل پلانیان بۆ هێرشی سەربازی نوێ بۆ سەر ئێران ئامادە کردووە، دوای هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا، کە بڕیارە لە 3ی تشرینی دووەم ئەنجام بدرێت.

بە گوێرەی رۆژنامەکە، پلانەکان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی کورت و چڕ لەخۆدەگرێت، ئەوەش لە کاتێکدایە مانۆڕە هاوبەشەکانی راهێنان لە نێوان سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل چڕتر كراوەتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا دەیان فڕۆكەی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لە چەند رۆژی رابردوو دەرچوونێكیان بۆ ئاسمانی عێراق ئەنجامداوە.

جەختیشكردووە، پیت هێگسێس وەزیری جەنگی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ ئیسرائیل لەم هەفتەیەدا لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەگەری هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران تاوتوێ کردووە.

رۆژنامە ئەمریكییەكە باس لەوەش دەكات، ئامانجە گریمانەكراوەكان بریتین لە، بۆردومانكردنی دامەزراوەكانى وزە و ژێرخانی ئەتۆمی ئێران، هەروەها جبەخانەی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران.

بەشێک لە بەرپرسان پێیان وایە، شەپۆلێکی فراوانی هێرشەکان دەكرێت فشارەکان بۆ سەر ئابوری ئێران زیاد بکات و تاران ناچار بکات سازشی دیپلۆماسی بکات، ئەمەش دوای نزیکەی هەشت مانگ ململانێ.

هەر لەو چورچێوەیەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە میانی وتەیەكدا لە گردبوونەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان لە کارۆلینای باشور رایگەیاند، زۆربەی خەڵک پێیان وایە وڵاتەکەی لە دوای هەڵبژاردنەکانی شتێك دەكات دژی ئێران، بەڵام رەتیکردەوە وردەکارییەکانی زیاتر بخاتەڕوو، تەنها ئەوەی وت، دەبینین چی روودەدات.

ترەمپ جەختی لەوە کردەوە، ئیدارەکەی دانوستان لەگەڵ ئێرانییەکان ناکات و بەم زووانە شتێک روودەدات، بەشێوەیەك لە شێوەكان.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close