لەکەناڵی ڕووداو بەرنامەیەکی تایبەت بەیوانداری سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشکەش کرا، کاڵێ ڕێناس کچە خوێندکارێکی زانکۆی هەڵەبجە، وەک شاژن و زۆر ئازاو بوێرانە بێ سڵەمینەوە ، وەک باوک ودایکی دلێرانە مایکی گرت و ڕاستگۆیانە باسی ژیان و گوزەرانی خۆی بۆ سودانی کرد و چەند پرسیارێکی ئاراستەکرد، ئەمە تائێرە نۆرماڵ و ئاساییە، کاڵێکەی ئێمە فرەجوڵەو چالاک و عەجولەو هەروا بێ دەنگ دانانیشێت.
ئەوەی ئاسایی نییە دوای پەخشکردنی بەرنامەکە، هەندێک موفتە خۆر و قەڵەم فرۆش و نوسەری بەکرێ گیراو، دەربار دەرگاوانی بەردەرگای سوڵتانەکان ئەوانەی سەریان کردۆتە ئاخوری دەسەڵات و سکیان بەپارەو سامانی ئەم میلەتە ڕەش و ڕووتە تێر کردوە، وەک پیشەی هەمیشەییان لەجێ ڕشتنی عارەقەی شەرمەزاری و تەریق بونەوەیان و هاتنە خوارەوەیان لەسەر تاج و کورسی شەرمەزاری، بێشەرمانە کەوتنە بوهتان و درۆ هۆنینەوە و قسە و قسەڵۆکی نابەجێ و گوایە کاڵێ بەو قسەو گریانەی لەبەردەم سەرۆک وەزیرانی داگیرکەردا شکۆی کوردی شکاندوە.
من ئەپرسم
ئەوانەی سەروەت وسامانی ئەم وڵاتەیان حەپەلوش کردوە شکۆی کوردیان شکاندوە یان کاڵێ؟
ئەوانەی ئەم وڵاتەیان نوقمی گەندەڵی کردوە شکۆی کوردیان شکاندوە یان کاڵێ؟
ئەوانەی شەڕی براکوژییان کردو هەرێمیان کردە دووپارچەو دوئیدارە شکۆی کوردیان شکاندوە یان کاڵێ؟
ئەوانەی هەرۆژە و سوپایەکی بێگانە ئەهێننە سەرخاکی هەرێم شکۆی کوردیان شکاندوە یان کاڵێ؟
ئەوانەی شەق لەمامۆستا هەڵدەدەن و مناڵی کورد ئەکوژن و ڕۆژ نامەنوس دەخەنە کونجی زیندان شکۆی کوردیان شکاندوە یان کاڵێ؟
ئەوانەی بازرگانی بەسەر خوێنی شەهیدانی شارەکەی کاڵێ و ئەنفالی گەرمیان و بادینانەوە دەکەن شکۆی کوردیان شکاندوە یان کاڵێ؟
ئەوانەی بەچاو تروکانێک نیوە خاکی هەرێمیان فرۆشت شکۆی کوردیان شکاندوە یان کاڵێ؟
ئەوانەی شێری ناو خۆ و ڕێوی دەرەوەن و بۆ یەکتر شکاندن دەچنە بەردەرگای هەموو دوژمن و نامەردێک شکۆی کوردیان شکاندوە یان کاڵێ؟
ئەو بەرپرسانەی بازرگانی بەتلیاک و مادە هۆشبەرەکانەو دەکەن و کەنج و لاوی ئەم کوردەیان موعتاد و بێهۆش کردوە و شکۆی کوردیان شکاندوە یان کاڵێ؟
ئەوانەی میلەتیان برسی کردوە و سەروەت و سامانی ئەو خەڵکەیان لەژێر زەمینەکاندا توند کردوە شکۆی کوردیان شکاندوە یان کاڵێ؟
ئەوانەی ئەو هەموو گەنج و لاوەی کوردی وەک سواڵکەر ئاوارەی وڵاتان کردوە شکۆی کوردی شکاندوە یان کاڵێ؟
ئەوانەی ئەم میلەتەیان بێ نان و ئاو کارەبا و بێ نەوت و غاز و برسی و تینو کردوە شکۆی کوردیان شکاندوە یان کاڵێ؟
بەس پێم بڵێن ئێوە کوا شکۆتان هەیە!
ئەوەی کاڵێ باسیکرد بەشێکی هەرە بچوکی چیرۆکی ژیانی ڕۆژانەی زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستانە بەڵام کەم کەس ئەو بوێرییەی هەیە ڕاستگۆیانە باسی بکات.
کاڵێ سواڵی نەکردووە کاڵێ خەمی هەزاران خوێندکار و مناڵی کوردی لەکۆڵ گرتووە، کاڵێ خۆی نەچەماندوە، وەک چیا لەبەردەم هەموو زریان و تۆفانەکاندا وەک دار بەڕوو قاچی لەناخی زەوی توند کردوە.
سەر هەڵبڕە گیانی کاکەی تۆ وەک شنروێ سەربڵندی بەچاوی پڕ گریانەوە بۆ ئایندە دور بڕوانە
قەزای ئەو فرمێسکە ڕژاوانەن لەو مەسئول و بەرپرسە دز و گەندەڵانە کەوێ کوردیان بەم ڕۆژگارە گەیاند
سەر بڵندکە گیانی مامەی تۆ نەوەی نالی و مەولەویت تۆ ئێستا سمبوڵی قوربانی و شکۆی یەک نەتەوەیت.
ئاراس محەمەد