كەش و هەوا
نوێترین زانیاری لەبارەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا
شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایگەیاند، تا ئێوارەی ئەمڕۆ دۆخی ناجێگیریی کەشوهەوا بەردەوام دەبێت و لە ئێوارەوە دۆخەکە کۆتایی دێت. دەشڵێت، دواتر لە کاتەکانی شەودا پێشبینیی هەورەبروسکە و باران و تەرزە دەکرێت.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: “لە ئێستادا بارانبارین و ھەورە بروسکە لەسەر ناوچە جیاجیاکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان بەردەوامی ھەیە و لەناوچەکانی سنوری پارێزگای دھۆک و ھەولێر و کەرکوک کەشەکە تا رادەیەک سەقامگیربووە”.
ئاماژەی بەوەشداوە: “تا کاتەکانی ئێوارەی ئەمڕۆ دۆخی ناجێگیری کەش بە ھەورە بروسکە و تاوە بارانی بەخوڕ و تەرزە بەچالاکی بەردەوامی ئەبێت و لەو ناوچانەش کە وەستاوە لەکاتەکانی داھاتوودا دەستپێدەکاتەوە و لەئێوارەوە ئەم قۆناغە کۆتای پێدێت”.
ئاراس جەبار لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەی خستووەتە ڕوو: “جارێکی دیکە لە کاتەکانی شەودا لەشوێن و ناوچەی جیاجیادا پێشبینی ئەکرێت ھەورە بروسکەکان چالاکببنەوە و بەرێژەی جیاواز تاوە باران و تەرزە ببارێت ئەم قۆناغەش ناوبەناو تا ئێوارەی سبەی پێنجشەمە 11/4/2024 بەردەوامی ئەبێت و دواتر کۆتای پێدێت و کەش لەتەواوی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان سەقامگیر ئەبێتەوە”.
پێشبینیشی کردووە: “پلەکانی گەرما سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ بەنزمی و جێگیری ئەمێنێتەوە ، خێرای با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند ئەبێت 10-20کم/ک ئاراستەی با رۆژئاوا و لەشەودا ئەگۆرێت بۆ بای باکوری رۆژھەڵات و لەناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی خێرای باکە چالاک ئەبێت لەنێوان 15 تا 30کم لە کاتژمێرێکدا”.
بەرزترین پلەی گەرمیی پێشبینیکراوی سبەی بە پلەی سیلیزی:
ھەولێر 19 پلە
سلێمانی 17 پلە
دھۆک 20 پلە
ھەڵەبجە 18 پلە
کەرکوک 22 پلە
ئیدارەی گەرمیان 25 پلە
ئیدارەی راپەرین 19 پلە
ئیدارەی سۆران 18 پلە