كەش و هەوا

شه‌پۆلێكی دیكه‌ی لێزمه‌باران بارین بەڕێوەیە

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 21ی 3ی 2024، ئاراس جه‌بار شاره‌زای كه‌شناسی ڕایگه‌یاند، سبەی ھەینی لەئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی نوێ کە ناوەندەکەی بەسەر تورکیاوەیە و ھاتنی بارستە ھەوایەکی سارد و شێدار لەدەریای ناوەراستەوە بۆ سەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان ئاسمان بەزۆری دەگۆرێت بۆ ھەوری تەواو و شەپۆلێکی مامناوەندی بارانبارین ناوچەکانمان دەگرێتەوە کە کاریگەریەکانی سەرەتا لە کاتەکانی بەرەبەیانەوە لە سنووری پارێزگای دھۆکەوە دەست پێدەکات بە بارانی مامناوەند پچڕ پچڕ و لە ناوچە شاخاوییەکانی دھۆک و ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی ھەولێر بەتایبەت ناوچەکانی قەزای ئامێدی و ئاکرێ و مێرگەسوور رێژەی بارانەکە زیاتر دەبێت و ھەندێک کات لێزمە باران و ھەورەبروسکە چالاک دەبێت.

ڕاشیگه‌یاند، بارانی پێشبینیکراو لەو دەڤەرانەدا لەسەروو 50ملم تا زیاتر لە 100ملم چاوەروان دەکرێت، کاریگەری ئەو شەپۆلە بارانە بەرێژەیەکی مامناوەند و پچڕ پچڕ لەکاتەکانی نیوەرۆ بەدواوە ناوچەکانی سنووری ئیدارەی راپەرین و پارێزگاکانی کەرکووک و سلێمانی و ھەڵەبجە دەگرێتەوە و بەلاوازیش ناوچەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان ده‌گرێته‌وه‌ و پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ، سبەی 3 تا 4 پلە دادەبەزێت و خێرای با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت 10 – 25کم/ک ئاراستەی با لە گۆڕاندا دەبێت.

هاوكات ئه‌و كه‌شناسه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، بەھۆی ئەو بارستە ھەوا ساردەی روودەکاتە ناوچەکە، بەتایبەت کاریگەری لەسەر ناوچە شاخاوییە سنووریەکان، سبەی لە سەر لوتکەی چیا بەرزەکان بەفر ده‌بارێته‌وه‌.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close