
راوێژكارێكی حكومەتی هەرێم:”پرسیارەكانی راپرسی هیچ مۆركێكی سیاسی پێوە نیە ”
وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان: عێراق ساڵانە بەڕێژەی (2.6%) زیادبونی ژمارەی دانیشتوان بەخۆوە دەبینێت
باسک نێت
رۆژنامەی (العربي الجدید):
زۆرینەی فەرمانگە خزمەتگوزاری و ئەمنیەكانی عێراق، لە ئامادەباشیدان بۆ سەرخستنی پرۆسەی سەرژمێری دانیشتوان، كە ساڵانێكی زۆرە چاوەڕوانی ئەنجامدانی دەكرێت.
دواین پرۆسەی سەرژمێری دانیشتوان عێراق ئەنجامیداوە، لە ساڵی (1997) بووە، كە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان، هەولێرو سلێمانی و دهۆك بەشدارییان تیادانەكردووە.
سەرژمێرییەكەی ئەو كاتە دەریخست، ژمارەی دانیشتوانی عێراق (22) ملیۆن هاوڵاتیە، هەر (10) ساڵ جارێك سەرژمێری دانیشتوان لە عێراق بەڕێوەدەچێت.
دەبوو سەرژمێری لە ساڵی (2007)دا ئەنجامبدرێت، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئەمنیەوە، ، بۆ ساڵی (2009) دواخرا دواتر دە ساڵی تر دواخرا، بەهۆی كێشە ئەمنیەكان و هاتنی رێكخراوی داعش، لە ساڵی (2019)شدا، سەرلەنوێ دواخرا، بەهۆی ناكۆكییە سیاسیەكانی تایبەت بە ناوچە كێشە لەسەرەكان و نەبوونی تەرخانكراوی دارایی و پەتای كۆرۆنا.
رۆژی (20و21) ئەم مانگە، سەرژمێری گشتی لە عێراق جێبەجێدەكرێت، بە پشتیوانی سیاسی و حكومی، سەرەڕای تێبینەكانی هەولێر.
بەهۆی ئەوەی ترسیان هەیە دەستكاری ژمارەی هاوڵاتیانی كورد بكرێت لەناوچە سنورییەكانی نێوان حكومەتی بەغدادو هەولێر، كە بەناوچە كێشە لەسەرەكان ناسراوە، بەڵام لە كۆتایدا بە ئەنجامدانی رازیبوو.
كیفاح مەحمود، راوێژكاری لەسەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت: مەترسی هەبوو لە لە ئەنجامدانی سەرژمێری، بەڵام فەرمانەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەو مەترسیانەی كەمكردەوە.
تەماشای هەندێك فۆرمەكانی سەرژمێریمان كردووەو هیچ مۆركێكی سیاسی پێوە نەبووە، بەڵكو ئامانجەكانی بۆ گەشەپێدانن.
هەرێمی كوردستان هەستی بەهیچ مەترسیەك نەكردووە لە بەكارهێنانی سەرژمێری بۆ مەبەستی خراپ، دژی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم.
لەشەوی سێ شەممە لەسەر چوارشەممەوە، قەدەغەی هاتوچۆ لە عێراق دەسەپێنرێت بۆ ماوەی دوو رۆژ، لەگەڵ رێگەگرتن لە هاتوچۆ لەنێوان شارەكان.
پرسیاری مەزهەب و بیروباوەڕی ئاینی لە خێزان ناكرێت، رێككەوتنی سیاسی كراوە لەسەر ئەوە نەچنە وردەكاری ئەو پرسیارانە پەیوەستن بە تائیفە، ئەوەش دیارترین گرێ بووە كە بەربەستی بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان لە عێراق دروستكردبوو لەدوای ساڵی (2003)وە.
عەلی عریان، بەڕێوەبەری گشتی جێبەجێكاری سەرژمێری دانیشتوان لە عێراق دەڵێت: قۆناغی یەكەمی سەرژمێری كۆتایهاتووە، كە ژماردنی باڵەخانەو زەوی كشتوكاڵی و خانووەكان بوو.
ئێستا لەبەردەم گرنگترین قۆناغین كە سەرژمێری دانیشتوانە، لەپێناو گەیشتن بە ئامانجە گەورەكە، كە خولقاندنی دۆخی گەشەپێدان و دابینكردنی خزمەتگوزارییە.
لای خۆیەوە، عەبدولزەهرە هنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت: عێراق ساڵانە بەڕێژەی (2.6%) زیادبونی ژمارەی دانیشتوان بەخۆوە دەبینێت.
بەپێی دواین خەمڵاندنەكان كە لە ساڵی (2023)كراوە، ژمارەی دانیشتوانی عێراق (43) ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە، پێشبینی دەكەین لەمساڵدا ژمارەی دانیشتوان گەیشتبێتە (44) ملیۆن كەس.




