
عەباس عراقچی:
ئاڵۆگڕكردنی پەیام بەمانای دانوستان نایەت؛ بڕیارمان نەداوە دانوستان لەگەڵ ئەمریكا دەستپێبكەینەوە
باسک نێت
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، تاران هێشتا بڕیاری نەداوە دەست دانوستانەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بکاتەوە، ئەو پەیامانەشی لە رێگەی قەتەر و پاکستانەوە ئاڵوگۆڕ دەکرێن بە دانوستان دانانرێن.
عراقچی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی ” شهرآرانیوز”ی ئێرانی رایگەیاندووە، دانوستانەکان لەگەڵ سەلتەنەی عومان جیاوازن و تەتایبەتن بە دیاریکردنی هێڵێکی دەریایی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە.
وتیشی: پێویستە ئەمریکا مەرجە پێویستەکان جێبەجێ بکات بۆ دەستپێکردنەوەی جووڵەی کەشتیوانی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەوەی لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباددا هاتبوو، کۆتاییهێنان بوو بە جەنگ، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەو یاداشتەی پێشێل کردووە و دووبارە پێکدادانەکانی دەستپێکردووەتەوە.
راشیگەیاندووە، ئێمە شتێکمان نەبووە بە ناوی ئاگربەست تاوەکو ئێستا درێژ بکرێتەوە، بەڵکو ئەوە کۆتاییهێنان بوو بە جەنگ، ئێستاش دۆخێکی نوێ هاتووهتە ئاراوە.
عراقچی باسی لەوەشكرد، نێوەندگیرەکان، چ قەتەر بن یان پاکستان، پەیام ئاڵوگۆڕ دەکەن و لە پەیوەندیدان لەگەڵماندا، بەڵام ئەمە بە هیچ جۆرێک بە مانای بوونی دانوستان نایەت، چونکە ئێمە هێشتا هیچ بڕیارێکمان نەداوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا.




