جیهانهەواڵ

بەمزوانە ترەمپ لەگەڵ عەلی زەیدی قسەدەكاتەوە

بەمزوانە ترەمپ لەگەڵ عەلی زەیدی قسەدەكاتەوە
باسک نێت
بەرپرسێکی باڵای عێراقی ئاشكرایكردووە، پێشبینی دەکرێت بەمزوانە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا ئەنجام بدرێت و تیایدا باس لە کۆمەڵێک بابەتی هاوبەش بكرێت، ئەوەش لەكاتێكدایە زەیدی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمنی عێراق، ئامادەكاری بۆ تێڕوانێكی گشتگیر دەكات بۆ دۆخی ئەمنی و جێبەجێکردنی ستراتیجی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت، ئەرکێک کە چاودێرانی عێراق پێیان وایە كارێكی هەروا ئاسان نابێت.

ئەو بەرپرسە باڵایە عێراقییە بە رۆژنامەی “العربي الجدید” وتووە، پەیوەندییە تەلەفۆنییە گرنگەکەی نێوان زەیدی و ترەمپ لەسەر پرسی گرووپە چەكدارەكان و ئەوەی واشنتۆن ناوی دەبات پچڕاندنی پەیوەستبوون بە ئێران.

بەوتەی ئەو بەرپرسە عێراقییە، تۆماس باراک، نێردەی ئەمەریکا رۆڵ دەبینێت لە رێکخستنی کارنامەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ترەمپ و سەرۆک وەزیرانی عێراق، دووپاتیشی کردەوە، ئاسایش و کۆمپانیا ئەمریکییەکان و ئابوری لە لوتکەی گفتوگۆکەدا دەبن و پێدەچێت هەڵوێستی ئەمریکا توندتر بێت بەرامبەر بەو شەش گرووپە چەکدارەی کە ئەمریكا وەک رێکخراوی تیرۆریستی لە عێراق ریزبەندی كردوون.

رۆژنامەكە، لە سەرچاوە سیاسی و پەرلەمانییەکانی بەغداد ئەوەشی زانیووە، حكومەتی نوێی عێراق سەرقاڵی دانانی پلانی نوێی ئەمنییە، ئەم پلانانە پەیكەری یەكە ئەمنیەكان و پێكهێنانەوەیان و سەرلەنوێ‌ بڵاوەپێكردنیان لەخۆدەگرێت، لەنێویاندا هێزەکانی حەشدی شەعبی، بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، زەیدی چاوەڕێی یەکلاکردنەوەی دۆسییەی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ دەکات پێش ئەوەی پلانێکی ئەمنیی فراوان جێبەجێ بکات، ئەم پلانە بە پلەی یەکەم ئامانجی چارەسەرکردنی فشارە دەرەکییەکانە، بەتایبەتی لەلایەن ئەمریکاوە، هەروەها پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی عێراق و دوورخستنەوەیەتی لە روبەڕوبوونەوەی ئەمنی لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە لەلایەن ئەمریکا یان لایەنە پەیوەندیدارەکانیانەوە وەک رێکخراوی تیرۆریستی دەستنیشانکراون.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close