تەندروستیكوردستانهەواڵ

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی: قۆناغێکی باشمان بڕیوە

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا قۆناغی باشیان بڕیوە، داواش لە ھاووڵاتییان دەكات لە ماڵەكانیان بمێنەوە و زیاتر پابەندی رێنماییەكان بن.

د. سەباح ھەورامی، بەڕێوەبەتی گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند: “تا ئێستا قۆناغێکی باشمان لە رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیوە، تکاتان لێدەکەم لە ماڵەکانتان بمێننەوەو پابەندی زیاتری رێنماییە تەندروستییەکان بن، دەزانم بەشێکی زۆر لە کاسبکاران و هاووڵاتییان بەگشتی باری داراییان روو لەخراپییە بەهۆی ئەم رێنماییانەوە، داوای لێبوردنتان لێدەکەم، بەڵام تەندروستیتان لەسەرو هەموشتێکەوەیە”.

ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر وەزارەتی تەندروستی رایگەیاندبوو، راگرتنی جموجۆڵ و هاتووچۆ، کاریگەری زۆر باش هەبووە لە رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆڕۆنا. دوێنێش بە بڕیاری وەزیری ناوخۆ قەدەغەی ھاتووچۆ بۆ ماوەی پێنج رۆژ درێژكرایەوە.

بەگوێرەی دوایین راگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی، کۆی گشتی هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 39 تووشبووە،  لەناویاندا 1 مردن هەیە و 13 نەخۆش بە تەواوی چاکبوونەتەوە، ئەوانی تر هەموویان لەژێر چاودێری پزیشکی دان.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close