
نیویۆرك تایمز: جموجۆڵی فرۆكە بۆمبهاوێژەكانی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران راگیراوە
باسک نێت
رۆژنامەی “نیویۆرک تایمز”ی ئەمریكی، لە زاری بەرپرسانی سوپای ئەمریكاوە بڵاویكردووەتەوە، جموجۆڵی فرۆكە بۆمبهاوێژەكانی ئەمریکا دوای ئەوەی خرانە ئەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، لە ئێستادا ئامادەكارییەكان راگیراوە.
ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: پێیان وتووم كوشتنی هاوڵاتیان وەستاوەو چی دیكە كەس لە سێدارە نادرێت، بەڵام دەبێت لێكۆڵینەوە لە زانیارییەكان بكەین.
لەلایەكی ترەوە، دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێكدا بە كەناڵی “ئێن بی سی” راگەیاندووە: لێدان لە ئێران دەبێت ببێتە هۆی رووخانی رژێم و نابێت هێرشەكە بۆ سەر ئێران ببێتە هۆی سەرهەڵدانی شەڕێک کە چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێک بخایەنێت.
جەختیشی كردووە لەوەی، هەر چالاکیەکی سەربازی لە دژی ئێران دەبێت خێراو یەکلاکەرەوە بێت.
هاوكات كەناڵی “ئێن بی سی” باسی لەوەشكردووە: راوێژکارانی ترەمپ گەرەنتی رووخانی رژێمی ئێرانیان نەکردووە دوای هێرشەكەی ئەمریکا.




