جیهانڕاپۆرتهەواڵ

سەرۆک کۆماری تورکیا:جەنگی ئیسڕائیل، سەرەتا موسڵمانان باجەکەی دەدەن، پاشان هەموو مرۆڤایەتی

سەرۆک کۆماری تورکیا:جەنگی ئیسڕائیل، سەرەتا موسڵمانان باجەکەی دەدەن، پاشان هەموو مرۆڤایەتی

باسک نێت

“ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی، لە کۆبوونەوەی فراوانکراوی سەرۆکی لقەکانی پارتەکەیدا، سەبارەت بەو جەنگەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەردەوامە وتی: «لێرەوە بە دڵێکی پڕ لە خوێنەوە دەپرسم؛ ئەو فرمێسکانەی لە ئەسفەهان و تاران دەڕژێن، چ جیاوازییەکیان هەیە لەگەڵ ئەو فرمێسکانەی لە هەولێر، بەغدا، بەیرووت و ڕیاز دەڕژێن؟»”

چی جیاوازییەکی هەیە ناومان عائیشە و زەینەب بێت، یان حەسەن و حوسێن؟ چ لە ئێران بێت و چ لە وڵاتانی کەنداو، ئایا ئەوە ئێمە نین کە بە هەر مووشەکێک دەهاوێژرێت زیانمان بەردەکەوێت، پێدەکرێین و خوێنمان دەڕژێت؟ ئایا ئەوە ئابووری ناوچەکەمان نییە کە بەهۆی ئەم جەنگە بێمانایەوە خوێنی لێ دەچۆڕێت؟ لەبەر خاتری خودا، ئایا لای ئەو دەستدرێژیکەرانەی کە ٢٧ ڕۆژە هیچ بنەما، بەها و نۆرمێک ڕەچاو ناکەن، جیاوازی هەیە کە ئێمە شیعە بین یان سوننە؟ تورک، کورد، عەرەب یان فارسی بین؟ تەماشاکەن بە هەموو ڕاستگۆییەکەوە دەپرسم؛ هەرچەندە مەزهەب و ڕەچەڵەکمان جیاواز بێت، ئایا ئەو خوێنەی لە هەر چوار لای جوگرافیاکەمان دەڕژێت، خوێنی ئێمە نییە؟

“هەموو مرۆڤایەتی باجەکەی دەدات”

جەنگەکە، هەرچەندە جەنگی ئیسرائیلە، بەڵام باجە قورسەکەی سەرەتا موسڵمانان و دواتر هەموو مرۆڤایەتی دەیدەن. دوای ئەوەی نوزەی مەرگهێنەری بۆمب و مووشەکەکان بڕایەوە، ئێمە هەر لەم جوگرافیایەدا پێکەوە دەژین. بڕوام وایە کە نابێت کەس ئەم ڕاستییە لەبیر بکات.

کاردانەوەی ئەردۆغان بەرامبەر مزگەوتی ئەقسا

لە ساڵی ١٩٦٧ەوە بۆ یەکەمجار نوێژی جەژن لە مزگەوتی ئەقسا ئەنجام نەدرا. ئەم یاسا شکێنییە، هێرشێکی بێشەرمانەیە بۆ سەر باوەڕی دوو ملیار موسڵمان. بە هەر پاساوێک بێت، مافی موسڵمانان بۆ پەرستش لە مزگەوتی ئەقسا زەوت ناکرێت، ڕێگری لێ ناکرێت و قەدەغە ناکرێت.

“کارە لەپێشینەییمان پاراستنی گەلەکەمانە لە کاریگەرییە ئابوورییە نەرێنییەکانی جەنگ”

لێرەدا دەمەوێت جارێکی دیکە ئەوە ڕابگەیەنم؛ کارە لەپێشینەییمان پاراستنی گەلەکەمانە لە کاریگەرییە ئابوورییە نەرێنییەکانی جەنگ. لەو بارودۆخەی ئێستادا کە نادیاری و دڵەڕاوکێ لە ئاستی جیهانیدا ڕووی لە زیادبوون کردووە، بە سروشتی دەبینین کە هەڵبەز و دابەز لە بازاڕەکاندا هەبێت. ڕەنگە گرفت و تەنگژەی کاتیمان هەبێت. ڕەنگە بە شێوەیەکی کاتی ڕووبەڕووی هەندێک سەختی ببینەوە. ئەو بارودۆخە نائاساییانەی کە بەهۆی شۆکە کاتییەکان یان جیهانییەکانەوە دروست دەبن، بە ویستی خودا ناتوانن لە ئامانجەکانمان پەکمان بخەن. ئێمە پابەندی ئامانجەکانمانین. ئینشاڵڵا لە کۆتاییدا دەگەینە مەنزڵ و ئامانجی خۆمان.

“ناتوانن تورکیا چۆکدادەر بکەن”

با هەمووان بزانن کە وەک دەوڵەت، ئێمە هەرگیز خۆمان بەدەست ئەو گوتاری ڕق و کینە، جەنگخوازی و کەشی ململانێیانەی کە دەوروبەرمان گرتووە، نادەین. ڕاستییەکی تورکیا هەیە کە سەرەڕای ئەو گورزانەی لە چەندین کەسی چاوچنۆک و بێ توانای خواردووە، نەکەوتووە و نەلەرزیوە، بە پێچەوانەوە وەک تاشەبەرد بە پتەوی ڕاوەستاوە. کەس ناتوانێت ئەم تورکیایە چۆکدادەر بکات. ئینشاڵڵا دەبینن کە تورکیا سەرکەوتوو دەبێت. گەلی تورکیا بە ٨٦ ملیۆن کەسییەوە سەرکەوتوو دەبێت. برایەتی، ئاشتی و دادپەروەری سەرکەوتوو دەبن، ئەوانەی بەرگری لە ئاشتی دەکەن سەرکەوتوو دەبن.

“گوێ بە جەنگخوازی نادەین”

تورکیا لەسەر ڕێگایەکی ڕاستە، لە شوێنێکی ڕاستدایە و سیاسەتێکی ڕاست پەیڕەو دەکات. هەم گەلی برای ئێران، هەم وڵاتانی برای کەنداو و هەم هەموو جیهانیش ئاگاداری ئەم ڕاستییەن. ئێمە ناکەوینە ناو ئەو تەڵانەی کە جەهەپە (CHP) دەیەوێت بۆمان بنێتەوە، کە هێشتا نەیتوانیوە ببێتە پارتێکی سەرتاسەریی تورکیا. گوێ بەو جەنگخوازییانە نادەین کە لەلایەن کارەکتەرەکانی جەهەپەوە پەرەی پێ دەدرێت.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close