
پەرلەمانی عێراق هەڵنەبژاردنی سەرۆكی كۆمار دەخاتە بەردەم دادگای فیدراڵی
باسک نێت
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نوسراوێكی پێشکەش بە دادگای باڵای فیدراڵی کردووە سەبارەت بە پێویستی لێکدانەوە مادەی (٧٢/دووەم/ب) کە تایبەتە بە بەردەوامی ئەرکەکانی سەرۆک کۆمار و وادەی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ.
حەلبوسی داوای شرۆڤەی ئەو مادە دەستورییەی كردووە کە تێیدا هاتووە: “سەرۆکی کۆمار بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی تا دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردن پەرلەمانی نوێ و کۆبونەوەی، بەمەرجێک سەرۆک کۆماری نوێی کۆماری عێراق لە ماوەی سی ڕۆژدا لە بەرواری یەکەم دانیشتنیەوە هەڵدەبژێردرێت” كە بەهۆی نەبوونی نیسابی یاسایی لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا، سەرۆك كۆماری نوێ تائێستا هەڵنەبژێراوە سەرەڕای هەوڵەکانی سەرۆکايەتى پەرلەمان بۆ بانگهێشتکردنی پەرلەمانتاران بەبێ دواخستن.
فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەيەکدا ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەم داوایە رەنگدانەوەی فەلسەفەی سەرۆکایەتی پەرلەمانە بۆ پاراستنی کارکردنی بێ کێشەی پەرلەمان و دڵنیابوون لەوەی کە پرۆسەی سیاسی نەکەوێتە بۆشایی دەستوری یان پێشێلکاری دەستوری ئەنجام نەدات کە رەنگە كێشە بۆ شەرعیەتی حکومەتی داهاتوو دروست بكات .




