
“لەرێگەی عومانەوە ئەمریكا لە داواكارییەكانی ئێران ئاگاداركراوەتەوە”
باسک نێت
ئاژانسی (رۆیتەرز) لە راپۆرتێكدا:
🔹ناكۆكی لەبارەی فراوانكردنی خشتەی كارەكانی دانوستانی ئێران و ئەمریكا لە عومان، هەڕەشە بۆ پەكخستنی هەوڵە دیپلۆماسییەكان و هەڵگیرسانی ململانێیەتی تر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
🔹بەرپرسێكی ئێرانی بە (رۆیتەرز)ی راگەیاند” هێشتا گفتوگۆكان بە فەرمی دەستیان پێنەكردووە، بەڵام لەرێگەی عومانەوە ئەمریكا لە داواكارییەكانی ئێران ئاگاداركراوەتەوە.
🔹بەرپرسە ئێرانییەكە رایگەیاند، دانوستانی ناڕاستەوخۆ رەنگە دوای كۆبونەوەی نێردەی ئەمریكاو وەزیری دەرەوەی عومان دەستپێبكات.
🔹لەكاتێكدا هەردوو وڵات ئاماژەیان بەوە كردووە ئامادەن دەرفەتێكی نوێ بە دیپلۆماسیەت بدەن بۆ كۆتایهێنان بە پرسی ئەتۆمی؛ كە ماوەیەكی زۆرە لەنێوان ئێران و ئەمریكا هەیە، ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا چوار شەممە رایگەیاند، واشنتۆن دەیەوێت گفتوگۆكان پرسی بەرنامە ئەتۆمییەكەو پرۆگرامی موشەكە بالستییەكان و پاڵپشتی ئێران بۆ گروپە چەكدارەكانی ناوچەكەش بگرێتەوە، ئەمە جگە لە پرسی مامەڵەی كۆماری ئیسلامی لەگەڵ گەلی ئێران.
🔹سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی ئێران بە (رۆیتەرز)ی راگەیاند، بوونی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا یان بەرپرسانی سەربازی ناوچەیی لە گفتوگۆكاندا دەكرێت هەڕەشە بێت بۆسەر دانوستانە ئەتۆمییە ناڕاستەوخۆكەی نێوان ئەمریكاو ئێران لە عومان.
🔹ئێران دەڵێ دەیەوێت عەباس عێراقچی لە مەسقەت تەنیا لەپرسی ئەتۆمی گفتوگۆ لەگەڵ ستیڤ زیتكۆف بكات.
🔹هێشتا سەركردایەتی ئاینیی لە تاران هەست بە نیگەرانی دەكات لەبارەی ئەوەی ترەمپ هەڕەشەكانی بۆ لێدانی ئێران بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، دوای ئەوەی هێزە دەریاییەكانی ئەمریكای لەنزیك ئێران كۆكردوەتەوە.
🔹هێزە جیهانییەكانی و وڵاتانی ناوچەكەش دەترسن لەوەی دانوستانەكان شكست بهێنن و، ململانێیەكی نوێ لەنێوان ئەمریكاو ئێران سەرهەڵبدان كە بگوازرێتەوە بۆ بەشەكانی تری ئەو ناوچە دەوڵەمەندە بە نەوت.
🔹ئێران هەڕەشەی كردووە وەڵامی توندەی هەر هێرشێكی سەربازی بداتەوە، وڵاتانی دراوسێشی لە كەنداو ئاگاداركردووە كە میوانداری بنكەی ئەمریكی دەكەن، رەنگە ئەوانیش بكەونە بەر ئاگرەكە، هەڵبەت ئەگەر لە هەر هێرشێكدا بۆسەر ئێران تێوەبگلێن.
🔹ئێران خاوەنی یەكێك لە گەورەترین ئەمبارەكانی موشەكی بالیستییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
🔹بۆ ئێران دانوستان لەسەر بەرنامە موشەكییەكەی هێڵی سورە، بۆیە دانوستانكاران لە عومان دەبێت رێگایەك بۆ مامەڵەكردن لەبارەی ئەم هێڵە سورەوە بدۆزنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بگەن بە رێككەوتن و خۆ لە ئەگەری هەر كردەوەیەكی سەربازیی بپارێزن.
🔹وەكو ئاڵنگارییەكیش، بەر لە دەستپێكردنی گفتوگۆكان لە چەند كاتژمێرێك، تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران رایگەیاند” یەكێك لە موشەكە بالیستییە پێشكەوتووە دورمەوداكان بڵاوكراوەتەوە، كە ئەویش موشەكی خوڕەمشەهر 4″ە.
🔹سەرباری ئەمە، بەرپرسانی ئێرانی هەفتەی رابردوو رایانگەیاند، تاران ئامادەیە لە پرسی پیتاندنی یۆرانیۆمدا نەرمی بنوێنێت، لەنێویشیدا رادەستكردنی 400 كیلۆگرام یۆرانیۆمی بەرز پیتێنراو و قایلبوون بە نەپیتاندنی یۆرانیۆم لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی شەراكەتدا بۆ چارەسەر.
🔹ئێران سورە لەسەر ئەوەی كە مافی پیتاندنی یۆرانیۆمی هەیەو ئەمەش دانوستانی لەسەر ناكرێت، داوای هەڵگرتنی ئەو سزایانە دەكات كە ساڵی 2018 گەڕێندرانەوە بۆسەر ئێران دوای ئەوەی ترەمپ لەرێككەوتنە ئەتۆمییەكەی 2015 كشایەوە.




