
وەزارەتی پەروەردەی سوریا رێنمایی تایبەت بە خوێندنی زمانی كوردی دەركرد
باسک نێت
وەزارەتی پەروەردەو فێركردنی سوریا رێنمایی تایبەتی دەركرد بۆ جێبەجێكردنی حوكمەكانی مەرسومی ژمارە (13)ی ئەمساڵی ئەحمەد شەرعی سەرۆكی وڵات، تایبەت بە (ئامادەكردنی پرۆگرامی پەروەردە تایبەت بە زمانی كوردو فەراهەمكردنی كارمەندی پەروەردەیی و دانانی لە پلانی خوێندان)دا.
لەسەر ئەو بنەمایە، وەزارەتی پەروەردەی سوریا چەند رێنماییەكی دەركردووە، كە كورتە رێنماییەكان بەمشێوەیەن:
ئامادەكردنی پرۆگرامی تایبەت بە خوێندنی زمانی كوردی بۆ هەموو قۆناغەكانی خوێندن. ئەمە لەماوەیەكدا كە لە (6 مانگ) تێپەڕنەكات.
فەرامكردنی كارمەندی پەروەردەیی بۆ زمانی كوردی لەسەر میلاك یاخود لە دەرەوەی میلاك.
ئەنجامدانی راهێنانی پەروەردەیی بەو كەسانەی كە دەبنە وانەبێژی زمانی كوردی.
زمانی كوردی بە زمانێكی نیشتمانی ئەژمار دەكرێت و رێگەپێدراوە لە خوێندنگە حكومی و ئەهلییەكان، لەو ناوچانەی كە كورد تێیاندا زۆرینەیە.
ماددەی زمانی كوردی ماددەیەكی ئیختیاری دەبێت بۆ ئەوانەی بیانەوێت بەم زمانە بخوێنن.
لە هەموو پۆلەكاندا هەفتانە دوو وانەی زمانی كوردی دەخوێندرێت، بەڵام ئەنجامی دەرچوون یاخود كەوتنی لەسەر ئەژمار ناكرێت.
بەڕێوەبەری پەروەردەی پارێزگاكان رادەسپێردرێن بە دیاریكردنی ئەو خوێندنگانەی كە زمانی كوردییان تێدا دەخوێندرێت.



