كەش و هەوا

شەپۆلێکی بارانبارین بەڕێوەیە

ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی ئاشکرایکرد، لە ئەنجامی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی هەردوو دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی دوو سبەی رۆژی چوارشەممە، 28ی کانونی یەکەمی 2026، شەپۆلێکی بارانبارین بە بڕی جیاواز سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، لەگەڵ بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان.

وتیشی، کاریگەریی ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان زیاتر دەبێت، بەتایبەت لەنێوان کاتەکانی شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە، لەو ناوچانە ئەگەری چالاکبوونی هەورەبرووسکەی بەهێز و بارانی بەخوڕ دەبێت، لەگەڵ بارینی تەرزە لە هەندێک شوێن و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو.

ئەوەشی خستەڕوو، کاریگەریی ئەم شەپۆلە بەرەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە، لە سنووری پارێزگای دهۆک، هەولێر، کەرکوک، ئیدارەی سۆران و گەرمیان کۆتاییدێت، بەڵام لەناوچەکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی راپەرین کاریگەریەکانی بە لاوازی بەردەوامدەبێت، لە کاتەکانی ئێوارەی هەمان رۆژ کەش جێگیردەبێتەوە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close