
دۆناڵد ترەمپ:
رۆژەكانی نیکۆلاس مادۆرۆ وەک سەرۆک کۆمارى فەنزوێلا زۆری نەماوە
باسک نێت
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: رۆژەكانی نیکۆلاس مادۆرۆ وەک سەرۆکی ڤەنزوێلا بەرەو كۆتایی دەڕوات.
ترەمپ ،لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پرۆگرامی “٦٠ خولەک” لە کەناڵی (سی بی ئێس)، کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا، ئایا ئەمریکا بەنیاز شەڕی دژی ڤەنزوێلا بكات، لەوەڵامدا وتی: “گومانم هەیە، پێموانییە وابێت” .
بەڵام کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا رۆژەکانی مادۆرۆ وەک سەرۆک کۆمار بەرەو كۆتایی دەڕوات و زۆری نەماوە، ترەمپ وەڵامی وتی: “دەتوانم بڵێم بەڵێ، پێموایە بەوشێوەیەیە، بەڵێ” .
واشنتۆن ڤەنزوێلا بە هەناردەکردنی مادەی هۆشبەرو توندوتیژی بۆ ئەمریکا تۆمەتبار دەکات.
بەگوێرەی حکومەتی ئەمریکا، رژێمی مادورۆ، ڤەنزوێلاى کردووە بە دەوڵەتێکی ماددەی هۆشبەر و هاوبەشی لەگەڵ کارتێلەکانی کۆڵۆمبیا کردووە بۆ هەناردەکردنی ماددە هۆشبەرەکان بۆ ئەوروپا و ئەمریکا لە ڕێگەی گروپێك بەناو “کارتێلی خۆر” کە گروپێكی مافیايی گومانلێکراوی تاوانکارییەو دەوترێت لە بەرپرسانی پلە باڵای ڤەنزوێلا پێکهاتووە.




