
ئەندامێكی لیژنەی نەوت و غاز:
هەرێمی كوردستان كوڕێكی یاخییەو بەغداد نازانێت مامەڵەی لەگەڵ بكات
باسک نێت
عەلی مەشكور، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: هەرێمی کوردستان کوڕێکی یاخییەو بەغداد نازانێت مامەڵەی لەگەڵ بكات، هۆكاری بە قاچاغبردنی نەوتیش دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی دەروازەكانی لەلایەن بەغدادەوە كۆنتڕۆڵ نەكراون، كە بەوتەی ناوبراو، ژمارەی دەروازە نافەرمییەكانی گەیشتووەتە (26) دەروازە.
عەلی مەشكور، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “العهد” رایگەیاند: هەندێک لە هێزە سیاسیەكان رێگری لە چەسپاندنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدادو هەولێر دەکەن، دەیانەوێت بە یەكجار هەموو شتێك بەدەستبهێنن، ئەمە كارێكی هەڵەیە، ئەگەر بەغداد لە قۆناغی یەكەمیشدا نیوەی نەوتەكە بەدەستبهێنێت، باشترە لەوەی هەمووی بە قاچاغببرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد: نوێنەری هەولێر لە گفتوگۆکان بەهێزترە لە دانوستانکارەكانی بەغداد، جەختیشیکردەوە لەوەی، دەبێت کاربکرێت بۆ گۆڕینی ستراتیژی دانوستان لەگەڵ هەولێر.
لەبارەی یاسای نەوت و غازیش وتی: ناکۆکییە سیاسییەکان وایکردووە پەسەندکردنی یاسای نەوت و غاز دوابخرێت، وتیشی: دەرکردنی ئەو یاسایە ناکۆکییەکانی نێوان بەغدادو هەولێر یەکلایی دەبێتەوە.
مەشکور، لە بەشێكی تری قسەكانیدا رایگەیاند: بەردەوامی بە قاچاغبردنی نەوتی هەرێم، بەهۆی كۆنتڕۆڵ نەكردنی دەروازەكانی هەرێمە لەلایەن بەغدادەوە، كە ژمارەی دەروازە نافەرمییەکانی گەیشتووەتە (٢٦) دەروازە.




