
رۆژنامەی “النهار” :
دانوستانەكانی نێوان ئیدارەی خۆسەرو دیمەشق بەرەوپێشچونی بەخۆوە بینیوە
باسک نێت
دوابەدوای ئەو گرژییەی کەوتە پەیوەندییەکانی نێوان ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و دەسەڵاتدارانی دیمەشق، شاندێکی ئیدارەی خۆسەر سەردانی دیمەشقی كردووەتەوە.
كەناڵی “الحدث” ئاشكرایكرد: دوێنێ هەینی شاندێکی ئیدارەی خۆسەر بە سەرۆکایەتی ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆكی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر بۆ درێژەدان بە دانوستانەکان گەیشتوونەتە دیمەشق.
بەدران چیا کورد، جێگری هاوسەرۆکی کاروباری دەرەوە لە ئیدارەی خۆسەر، لەبارەی سەردانەكە رایگەیاندووە: پەیوەندی و دانوستان لەگەڵ دیمەشق بەردەوامەو، تاکە ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنە.
ئەو بەرپرسە کوردە کە دانوستانکارێکی سەرەکییە لە رێککەوتنی (10)ی ئازار کە لەنێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموكرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا ئەنجامدرا.
وتویەتی: هیوادارین ئەو دانوستانانە ئەنجامێکی ئەرێنی بەدەستبهێنن کە لەگەڵ خواستەکانی خەڵک و لەکاتێكی گونجاودا بێت.
ئەم دیدارە نوێیە، دوای ناڕەزایەتیی ئیدارەی خۆسەر دێت لە بەرامبەر پەسەندكردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل کە بڕیارە مانگی ئەیلول ئەنجام بدرێت، بەهۆی ئەوەی دیمەشق ناوچەكانی باكورو رۆهەڵاتی سوریای بێبەشكردووە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەبیانوی ناسەقامگیری دۆخی ئەمنیی.
لەلایەكی ترەوە، رۆژنامەی (النهار)ی لوبنانی بڵاویكردەوە، دانوستانەكانی نێوان ئیدارەی خۆسەرو حكومەتی دیمەشق بەرەوپێشچونی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت لە كۆبونەوەكەی عەممانی پایتەختی ئوردون كە بە بەشداری سیناتۆر جین شاهین و مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد، بەڕێوەچووە، بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان، حكومەتی دیمەشق رەزامەندی پیشانداوە لەسەر سيستمى نا ناوەندێتی لە ناوچەكانی ئیدارەی خۆسەر، بەڵام ناكۆكی لەبارەی شێواز و وردەكاری پرۆسەكەیە هەیە.




