
مەسعود پزشكیان:
ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵی دابەشكردن و لەناوبردنی ئێران دەدەن
باسک نێت
مەسعود پزشكیان، سەرۆک کۆماری ئێران، هۆشداریدا لەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵی دابەشكردن و لەناوبردنی ئێران دەدەن، بەڵام ئێرانییەکان هەرگیز رێگە بەمە نادەن.
پزشكیان، لە میانی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی: وڵاتەکەی هەوڵی هەڵگیرسانی شەڕو روبەڕوبونەوەی سەربازی لەگەڵ هیچ لایەنێک نادات، جەختیشیکرد، سیاسەتی تاران لەسەر بنەمای دوورکەوتنەوە لە ململانێی راستەوخۆو پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە دامەزراوە.
بە وتەی سەرۆک کۆماری ئێران، وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە مافە رەواکانی، بەڵام شەڕ بە بژاردەیەکی ستراتیژی نازانێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران ئامادەیە هاوکاری لەگەڵ لایەنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بکات بۆ بەرقەراركردنی ئاسایش و سەقامگیری، ئاڵنگارییەكانی ئێستاش پێویست بە گفتوگۆو دوورکەوتنەوە لە ئاڵۆزكردنی دۆخەكە دەکات.




