بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیعێراقكوردستانهەواڵ

پاش بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، بزووتنەوەی ئیسلامی داوایەک لە حکومەتی عێراق دەکات

بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان

فَإِنَّ مَعَ الْعُسْرِ يُسْرًا،، إِنَّ مَعَ الْعُسْرِ يُسْرًا
جەماوەری بەشەرەفی کوردوستان
دانیشتوانی قارەمان و خۆڕاگری پارێزگای هەڵەبجە

بەبۆنەی ناساندنی هەڵەبجە وەک پارێزگای 19یەمی عێراق پیرۆزبایی لە خۆمان و دانیشتوانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان و هەر کوردێکی ڕەسەن دەکەین لەهەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا بێت.
وەک هەموولایەک دەزانین هەڵەبجە سونبول و ڕەمزی قوربانیدانی کوردە وەک هەرشارێکی دیکەی کوردستان بەدەرنیە لەفیداکاری و تاوانێکی گەورەی جینۆسایدی لەبەرانبەر کراوە هێندە گەورەیە کە تاهەتایە پەڵەیەکی ڕەشە بەنێوچاوانی ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆری لەناوچووی عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکان و دەسەڵاتداران کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و لەسەدەی بیستدا بێ وێنە بووە کە تیایدا زیاتر لە پێنج هەزار مرۆڤی مەدەنی بێتاوان بە گەورەو بچوک و گەنج و پیر بە بەرچاوی جیهانەوە بەچەک وگازی قەدەغەکراوی کیمیایی و خەردەل شەهیدکران و هەزاران کەسی دیکەش بریندارو کەم ئەندام و بێ سەروشوێن بوون بەئێستاشەوە بەشێکیان بەدەم برینی قوڵەوە و ئازاری هەناسەو سنگ و کۆکەوە دەناڵێنن.
هاوکات تاوانەکە هێندە قێزەون و بێبەزەییانە ئەنجامدرا ژینگەو سروشت و پەلەوەرو باڵندەو ئاژەڵەکانیش بێبەش نەبوون لەو قڕکردنە.
هەڵبەتە وێڕای ئەو نەهامەتی و ماڵوێرانیە دوای نزیکەی چوار دەیە لەقوربانیدانیان، هەڵەبجەییەکان تەنها شتێک داوای دەکەن بوونی حکومڕانیەکی تەندروست و دادپەروەر و چارەسەرکردنی بریندارانی بەرکەوتەی چەکی کیمیایی و گەڕانەوەی ئازیزە ونبووەکانیانە بۆ زێدی باوباپیرانیان.
لێرەشەوە ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکەو دابینکردنی خزمەتگوزاریەکان و قەرەبووکردنەوەی زیانمەنماندان
بۆیە داوا لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین جیاواز لە پارێزگاکانی دیکە بە بودجەیەکی تایبەت دەیان پڕۆژە وەک دیاری و پۆیلانەیەک بببەخشنە ئەم پارێزگا نوێیەی عێراق و کەرتی بازرگانی و کشتوکاڵ و وەبەرهێنان وگەشتوگوزار ببوژێننەوە ، هاوکات خاڵی سنووری سازان کە چەندین جارە داوای کردنەوەی دەکرێت، بە ڕەسمی بناسێنرێت، بۆ ئەوەی ببێتە هاوبەشێکی ئابووری گرنگی ناوچەکە.
جارێکی دیکە سەرەڕای دڵخۆشیمان بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە سوپاس ودەسخۆشیمان هەیە بۆهەمو ئەوبەرپرس وکەس ولایەن وڕێکخراوانەی هەوڵی بەپارێزگابونی هەڵەبجەیاندا هیوادارین لەمەودوا هەردوو حكومەتی عێراق و کوردستان گرنگی زیاتر بدەن بەم پارێزگایە وهەوڵی جدی بدرێت بۆ ساڕێژکردنی برین و نەهامەتیەکانی و هەموان پێکەوە هەڵەبجە ئاوەدان بکەینەوە وخەڵکەکەی دڵخۆش بکەین .

لقی مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەڵەبجە

٢٠٢٥/٤/١٤

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close