ئابووریجیهانعێراقهەواڵ

تورکیا و عێراق ڕێککەوتن

تورکیا و عێراق ڕێککەوتن…
باسک نێت

​عێراق و تورکیا ڕێککەوتنێکی کاتیی یەک ساڵەیان واژۆ کرد بە مەبەستی بەردەوامیدان بە هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی هێڵی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، کە توانای هەناردەکردنی زۆرترین ٧٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا هەیە.

​ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی 10ـی 2026، سەلیم ڕوکابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق سەبارەت بەم پێشهاتە بە میدیاکانی ڕاگەیاند، ئەم ڕێککەوتنە نوێیە کاتییە و بۆ ماوەی یەک ساڵە، ئامانج لێی دڵنیابوونە لە بەردەوامبوونی هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە.

ڕوکابی ڕوونیکردەوە کە ئەم هێڵە نابێتە جێگرەوەی گەرووی هورمز وەک ئەوەی هەندێک لە شارەزایان باسی لێوە دەکەن، بەڵکو وەک هێڵێکی یەدەگە بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی هەناردەکردن بەپێی ڕێککەوتنی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات.

​وتەبێژەکەی وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەش کرد کە گەیشتن بە ئاستی هەناردەکردنی ٧٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، پەیوەستە بە گەڕانەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بۆ توانای تەواوەتیی خۆی و هەروەها باشتربوونی دۆخی ئەمنی.

لەم یەک ساڵەی ڕێککەوتنەکەشدا، هەردوولا کار دەکەن تاوەکو بگەنە ڕێککەوتنێکی درێژخایەن کە هاوکاریی زیاتر لە پڕۆژەکانی وزەدا لەخۆ بگرێت.

پەیوەندییە نەوتییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە لە ماوەی ڕابردوودا بە قۆناغێکی ئاڵۆزدا تێپەڕی، بەتایبەت دوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە.

واژۆکردنی ئەم ڕێککەوتنە یەک ساڵەیە هەنگاوێکی ئامادەکارییە بۆ ئەوەی هەردوولا بتوانن لەو ماوەیەدا کار بۆ داڕشتنی ڕێککەوتنێکی درێژخایەن بکەن.

ئەو ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوە کە پشتی بەستووە بە ڕێککەوتننامەی ساڵی ١٩٧٣ـی نێوان هەردوو وڵات، ئامانج لێی بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی عێراقە لە ڕێگەی تورکیاوە بۆ یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل

 

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close