
ئیدارەی ترەمپ بە هەڵە ئیمەیڵێکی بۆ ئۆکرانییەکان ناردووە و داوای لێیان کردووە ئەمریکا بەجێبهێڵن.
وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا ڕایگەیاند، چەند ئۆکرانییەک لەو وڵاتە “بە هەڵە” ئیمەیڵیان پێ گەیشتووە و ئاگادار کراونەتەوە باری یاساییان هەڵوەشاوەتەوە و حەوت ڕۆژیان ماوە بۆ ئەوەی وڵاتەکە بەجێبهێڵن.
چەند ئۆکرانییەک لە ئەمریکا لەژێر بەرنامەیەکی مرۆیی ئەم هەفتەیە ئیمەیڵێکیان پێ گەیشتووە و هۆشدارییان پێ دراوە لەوەی کە دۆخی ئەوان هەڵوەشاوەتەوە و حەوت ڕۆژیان ماوە وڵاتەکە بەجێ بهێڵن یان دەستگیر دەکرێن و لە ئیمەیڵەکەدا نووسراوە: “ئەگەر دەستبەجێ لە ئەمریکا نەڕۆیت، ئەوا یاسات بەسەردا دەسەپێنرێت، کە دەبێتە هۆی دیپۆرتکردنەوەت. DHS بەرنامەکەت کۆتایی پێ دەهێنێت. هەوڵ مەدە لە ئەمریکا بمێنیتەوە.”
وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئەو ئیمەیڵە “بە هەڵە” نێردراوە و ئەو پرۆگرامە مرۆییەی کە بۆ ئۆکراینییەکان دروستکراوە دوای لەشکرکێشیی ڕووسیا لە ساڵی 2022ەوە، کۆتایی پێ نەهاتووە.