
مامۆستایانی ناڕازیی: یەکشەممەی داهاتوو سەرچاوەی داهاتەکانیان ڕادەگرین
باسک نێت
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
بەناوی خوای گەورەی میهرەبان
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
سەرۆکی بانکی ناوەندی عێراق
سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان.
وەکو ئاگاداران مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە دە ساڵە لە دۆخێکی دارایی و ئابوریی سەختدا دەژین. چونکە لەو ماوەیەدا حکومەتی هەرێمی کورستان١٦ مانگی تەواو مووچەی پێنەداون و ٤٤ مانگیش بەناوی جواروجۆرەوە بڕێکی زۆری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیان بڕیوە. لە هەمان کاتیشدا لە ساڵی ٢٠١٦ ەوە پلە بەرزکردنەوەی مووچەخۆرانیان ڕاگرتووە.
ئێستاش دوای ئەو ماوە دوورو درێژە، کێشەکان نەک چارەسەرنەبوون بەڵکو قوڵتربوونەتەوە، لەم چرکە ساتەی کە ئەم پەیامەتان ئاراستە دەکەین لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان و قەزای کۆیەی پارێزگای هەولێر ماوەی نزیکەی ٢٠ ڕۆژە دەرگای زۆرێک قوتابخانەکان داخراون و مامۆستایان و فەرمانبەران بەهۆی بێ مووچەییەوە بایکۆتی دەوامیان کردووە.
هەروەها ئەمڕۆ ساڵێکی تەواو بەسەر بڕیارە مێژووییەکەی دادگای فیدڕاڵیدا تێدەپەڕێ کە لە ٢١ / ٢ / ٢٠٢٤ دەرچوو، مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم ئومێدێکی زۆریان بەو بڕیارە هەبوو، بەڵام بەداخەوە بەهۆی گەندەڵی و ناشەفافیەکانی دەسەڵادارانی هەرێم و ڕێگریان لە تەوتینکردنی ڕاستەقینەی مووچەکانمان تا ئێستا گرفتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەر نەبووە و مووچەی مانگی دوانزەی ساڵی ڕابوردووش دابەشنەکراوە.
ئێمە وەکو مامۆستایان وفەرمانبەرانی هەرێم پێمان وایە هۆکاری سەرەکی چارەسەر نەبوونی گرفتەکانی مووچە تەوتیننەکردنی مووچەی مووجەخۆرانی هەرێمە لەسەر بانکە حکومییەکانی حکوومەتی فێدڕالیی، بەتایبەتی بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەین. لە هەمان کاتیشدا ئێوە بە کەمتەرخەم و بەرپرسیار ئەزانین کە تاوەکو ئێستا بڕیارەکەی دادگای فێدڕاڵیی وەک خۆی جێبەجێنەکراوە.
بویە لێرەدا جارێکی تر داواکاریەکانمان لە چەند خاڵێکدا ئەخەینەوە بەر دەستان:
١ــ ئێمە پڕۆژەی (هەژماری من) ی دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕەتدەکەینەوە و متمانەمان پێی نییە و مووچە چەندین مانگیان دزیوین ، بۆیە داواکارین مووچەکانمان هاوشێوەی مووچەخۆرانی پارێزگاکانی تری عێراقی لەلایەن بانکە حکومییەکانی حکومەتی فێدرالییەوە ( ڕەشید ، ڕافیدەین) تەوتین بکرێت.
٢ــ تەوتینکردنەکە بەشێوەیەک بێت مووچەکانمان لە دەستی دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕزگار بکرێت و تەمویلی مووچەکانمان ڕاستەوخۆ لە وەزارەتی دارایی فێدرالییەوە بۆسەر هەژمارەکانمان بێت لە بانکە حکومیەکانی حکومەتی فێدرالیی.
٣ ــ لەم سەنتەرە بازرگانییە نوێیە، لە ڕێی نووسینگەی بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەین لە پارێزگای سلێمانی بەزووترین کات تەوتینی مووچەکانمان دەست پێبکات و مووچەکانمان لە بانکەکانی هەژماری من ی دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕزگار بکرێت.
٤ــ دەسەڵاتدارانی ئەم زۆنە لەژێر هیچ ناو و بیانویەکدا هەژماری من بە مامۆستایان و فەرمانبەران پڕ نەکەنەوە. ئیتر کاتییەتی خۆیان لە نێوان هەژماری بەدناوی من و توتیندا یەکلاییکەنەوە و راستگۆبن لەگەڵ بانگەشەکانی هەڵبژاردندا.
لە کۆتاییشدا ڕایدەیەگەینین
بایکۆت بڕیاری خۆڕسکانەی مامۆستایانە و رەدکردنەوەی کۆیلایەتییە. هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت لە جیاتی ئەوان بڕیار بدات و لەژێر هیچ فشار و بەڵێنێکی ساختەدا بایکۆت بە مامۆستیان بشکێنێت. ڕۆژی یەک شەممەی داهاتوو چاوەڕێی چالاکییەکی جیاوازمان بن لە پەکخستنی سەرچاوەی داهاتە نایاساییەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان.
مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازیی هەرێمی کوردستان
٢٠/ ٢/ ٢٠٢٥