
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی کانوونی یەکەمی 2024، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ڕێگرییان لە مووشەکێک کردووە کە بە ئاراستەی ئیسرائیل هەڵدراوە، هاوکات هێرشێکی چڕی بۆسەر پێگە سەربازییەکانی حووسییەکانی کردووە.
باسک نێت
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە “بەهۆی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکە زەنگی ئاگادارکەرەوە لێ دراوە.”
لەمبارەشەوە میدیای حووسییەکان ڕایانگەیاند “بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، فڕۆکە سەنعا و حودەیدەی بۆمباران کردووە.”
هەر بەپێی هەواڵی مێدیای حووسییەکان، ئەو بۆمبارانە، وێستگەکانی کارەبای ناوەندیی حەزیز و زەهبان، باشوور و باکووری شاری سەنعایان گرتووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە پێگەی ئاکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە بڵاوی کردەوە ” ئەمڕۆ پێنجشەممە سوپای ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردووەتە سەر بەندەر و ژێرخانی وزەی سەنعا.”
هاوكات سەرچاوە پزیشکییەکانی یەمەن لە ڕاپۆرتێکدا ڕایانگەیاند ” 10 کرێکار بەهۆی بۆمبارانی بەندەری حودەیدە و ڕەئس عیسا لە شاری سەنعا لە ڕۆژئاوای یەمەن کوژراون.”
لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیلی داگیركەر ڕایگەیاند، لەم هەفتەیەدا ئەمە دووەم جارە ڕێگریی لە مووشەکی لە یەمەنەوە هەڵدراو بەرەو ئیسرائیل دەکرێت.” لە کاتێکدا ڕۆژی دووشەممە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند “ڕێگرییان لە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە لە یەمەنەوە هەڵدرابوو، کردووە.”
حووسییەکانی یەمەن، بەرپرسیارێتیی خۆیان لە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی ڕۆژی دووشەممە، لە ئەستۆ گرت.
جێی باسە لە مانگی نۆڤەمبەری 2023وە حووسییەکان لە یەمەنەوە هێرش دەکەنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، ئەمەش بە پشتیوانیی بۆ فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە و لوبنانییەکانی دەزانن.