
ئاگربەستی ئیسرائیل و لوبنان چووە بواری جێبەجێكردنەوە
باسک نێت
رێككەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان كە كاتژمێر (4) بەیانی ئەمڕۆ چووە بواری جێبەجێكردنەوە، رەنگە كۆتایی بە جەنگی سنوریی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا بهێنێت، كە ماوەی زیاتر لە ساڵێكی خایاندو بەهۆیەوە زیاتر لە یەك ملیۆن و (200) هاوڵاتی لوبنانی و (50) هەزار ئیسرائیلی ئاوارەبوون.
هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل لەو ماوەیەدا بووە هۆی كوژرانی زیاتر لە (3800) لوبنانی و برینداربونی نزیكەی (16) هەزار كەس، ئەوەش بە گوێرەی دواین ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی لوبنان.
وێڕای خاپوربونی دەیان گوندو ناوچە لە باشوری لوبنان و سەدان باڵاخانەو شوێنی نیشتەجێبون و بارەگا گرنگەكانی حزبوڵا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان بەتایبەت لە ناوچەی زاحیە، كە بەپێگەی سەرەكی حزبوڵا دادەنرێت.
زیانەكانی لوبنان لەو جەنگە بە ملیارەها دۆلار دەخەمڵێنرێت، وێڕای ئەوە پێویستی بە ملیارەها دۆلارە بۆ پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە، ئەوە لە كاتێكدایە ماوەی چەند ساڵێكە لوبنان بە دەست قەیرانێكی دارایی قوڵ و مایەپوچبونی حكومەت و بانكەكانیەوە دەناڵێت و دراوەكەی بۆتە یەكێك لە بێبەهاترین دراوەكانی جیهان، هاوشانی قەیرانێكی سیاسی قوڵ كە بەهۆیەوە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە پەرلەمانی ئەو وڵاتە نەیتوانیوە سەرۆكێك بۆ وڵاتە هەڵبژێرێت، كە بەپێی بەركەوتەی تائیفی لە پشكی مەسحیەكانی ئەو وڵاتەیە.
لە دیارترین بڕگەكانی رێككەوتنی ئیسرائیل و لوبنان:
•ئاگربەست لە كاتژمێر (4) بەیانی ئەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێكردن.
•سوپای ئیسرائیل هەنگاو بەهەنگاو لە باشوری لوبنان دەكشێتەوە لە ماوەی (60) رۆژدا.
•حزبوڵا لە باشوری لوبنان دەكشێتەوە بۆ ناوچەی باكوری روباری لیتانی.
•ناوچەكانی باشوری روباری لیتانی لە چەكە قورسەكانی حزبوڵا دادەماڵڕێت.
•سوپای لوبنان و هێزە ئەمنیەكان ئەو پێگانە دەگرنە دەست كە ئێستا بەدەست سوپای ئیسرائیل و حزبوڵاوەیە.
•هەریەك لە ئیسرائیل و لوبنان مافی بەرگریكردنیان هەیە لە خۆیان بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی.
•سوپای ئەمریكا بە هاوكاری سوپای فەرنسا پشتیوانی سوپای لوبنان دەكات.
•لیژنەیەكی هاوبەش كە چەند وڵاتێك بەشداری تیادا دەكات هاوكاری زیاتر پێشكەش بە سوپای لوبنان دەكات لە كەرەستەو راهێنان و هاوكاری دارایی.
•ویلایەتە یەكگرتووەكان و فەرەنسا دەچنە پاڵ ئەو میكانیزمە سێقۆڵییە كە لە دوای جەنگی (2006)وە دامەزرا بۆ سەرپەرشتیكردنی ئاگربەست، كە لەئێستادا هێزێكی نەتەوە یەكگرتووەكان (یونیفێل) لە خۆ دەگرێت لەگەڵ ئیسرائیل و لوبنان.
•ویلایەتە یەكگرتووەكان سەرۆكایەتی ئەم گروپە پێنج قۆڵییە دەكات كە ئەركی لە پەیوەندیكردنی راستەوخۆدا دەبێت لەگەڵ لایەنە جیاوازەكان بۆ چارەسەركردنی هەر پێشێلكارییەك روبدات و رێگەگرتن لە ئاڵۆزبونی.