عێراقهەواڵ

بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد خرایە ئامادەباشییەوە

هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەدی سنووری پارێزگای ئەنباری عێراق ئامادەکاریی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی مووشەکی و درۆنی دەکەن و خراونەتە ئامادەباشییەوە.
میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردووەتەوە، هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد، دەستیان بە مەشق و ئامادەکاریی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی قورسی مووشەکی و درۆنی کردووە، چونکە ئەمریکییەکان گومانیان وایە لەماوەیەکی کەمی داهاتوودا بنکەکە ڕووبەڕووی هێرشی فراوانی گرووپە میلیشیاکان دەبێتەوە.
ئامادەکارییەکانی بنکەی عەین ئەسەد لە کاتێکدایە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە نوێترین زانیاری سەبارەت بە وادەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزە بیانییەکانی ڕایگەیاندووە: “هەرچەندە نزیک بووینەتەوە لە ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزە بیانییەکان، بەڵام بەهۆی پێشهاتەکانی ئەم دواییە، ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق دواخراوە و بڕیارە لە ئەیلولی 2025 بە فەرمی کۆتایی بە کارەکانی هاوپەیمانییەکە بێت”.
ئەمەش پاش ئەوە دێت، شەوی 5ـی ئەم مانگە هێرشی مووشەکی کرایە سەر ئەو بنکەیە و بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا، چەند سەربازێکی ئەمەریکی لەو هێرشەدا بە سووکی بریندار بوون.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close