ئەنجومەنی پارێزگای دیالە حكومەتی خۆجێی پێكهێنا
“دەوڵەتی یاسا پۆستی پارێزگاری دیالەی وەرگرت”
باسک نێت
دوای (8) مانگ لە ململانێی و رێككنەكەوتن, ئەنجومەنی پارێزگای دیالە, لە دانیشتنێكی تایبەتدا كە دوێنێ پێنج شەممە, لە ئۆتێل رەشیدی بەغداد بەڕێوەچوو, پۆستی پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگارو جێگرەكانیانی یەكلاكردەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار, كە قسەی بۆ ئاژانسی “شەفەق نیوز” كردووە: ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لە كۆبونەوەكەیدا, عومەر ئەلكروی, ئەندامی ئەنجومەنەكەی, بە سەرۆكی خۆی هەڵبژاردوەو سالم تمیمیش, بە جێگری سەرۆكی ئەنجومەن.
هاوكات عەندنان جایر ئەلتمیمی, كە بەسەربە دەوڵەتی یاسایە, بە پارێزگاری دیالە هەڵبژێردراوەو, مستەفا لهێبی, لە حزبی تەقدوم بە جێگری یەكەم و خالید جبوری, لە حزبی عەزم, بە جێگری دووەم.
لای خۆیەوە, موسەننا تمیمی, كە لە ساڵی (2015)وە پارێزگاری دیالە بووەو لە دواین هەڵبژارندنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیشدا, كە مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو, زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا, لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی: لەسەر دوای خەڵكی دیالەو هۆزی بەنی تەمیم و دەنگدەران, دەستبەرداری مافی خۆی بووە لە پۆستی پارێزگارو, بەشداری دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگاشی نەكردووە.
ئەنجومەنی پارێزگاری دیالە, هاوشێوەی ئەنجومەنی پارێزگاری كەركوك, بە درێژایی چەند مانگی رابردوو, ململانێیەكی توندی سیاسی بەخۆوە بینی لەسەر پۆستی پارێزگاری شارەكە, كە لەنێوان دەوڵەتی یاسا, بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی و رێكخراوی بەدر, بەسەرۆكایەتی هادی عامری, چڕببوەوە.