عێراقهەواڵ

رۆژی یەك شەممە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر سێ‌ یاسای جێی مشتومڕ دەدات

رۆژی یەك شەممە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر سێ‌ یاسای جێی مشتومڕ دەدات

“یاسای باری كەسێتی، یاسای زەوی و زار، یاسای لێبوردنی گشتی”

باسک نێت
فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، خشتەی دانیشتنی رۆژی یەك شەممەی داهاتووی پەرلەمانی بڵاوكردەوە، بە گوێرەی خشتەكە دانیشتنەكە لە پێنچ بڕگە پێكدێت، بڕگەی یەكەم و دووەم و سێیەمی تایبەتە بە دەنگدان لەسەر سێ‌ یاسای جێی مشتومڕ، كە ساڵانێكە ململانێیەكی توندی لەسەرە لەنێوان هەر سێ‌ لایەنی كوردو شیعەو سوننە.
•بڕگەی یەكەم تایبەتە بە گێڕانەوەی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنەكانیان كە هەندێك لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە دەیانگرێتەوە، كورد لە مێژە لە هەوڵی پەسەندكردنی ئەم یاسایەدایە، بە تایبەت كە روبەڕێكی زۆری زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان كە بە (300) هەزار دۆنم زەوی دەخەمڵنێرێت لەسەردەمی رژێمی پێشوەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، لە حاڵەتی تێپەڕاندنی ئەم یاسایەدا، زەوییەكان بۆ خاوەنە رەسەنەكانیان دەگەڕێنەوە.
•بڕگەی دووەمی خشتەی دانیشتنەكە، تایبەتە بەدەنگدان لەسەر پێشنیازی هەمواری یاسای باری كەسێتی ژمارە(88)ی ساڵی (1959) مادەكانی (2،10)، هێزە باڵادەستەكانی شیعە لە ساڵی (2014) لە هەوڵی ئەوەدان ئەم یاسایە هەمواربكەنەوە، هەرچەندە تائێستا وردەكاری هەمواری ئەو دوو مادەیە ئاشكرانەكراوە، بەڵام ئەوانەی دژی ئەم هەمواركردنەوەیەن دەڵێن، رێگە بە هاوسەرگیركردنی كچان دەدات لە تەمەنێكی منداڵیدا، هەندێك باس لە نۆ ساڵ و هەندێكی تریش باس لە دوانزە ساڵ دەكەن، بەڵام تائێستا شیعەكان ئەمەیان پشتڕاستنەكردووەتەوە، هەرچەندە نایشارنەوە كە یاساكە دەستكاری تەمەنی بەشودانی كچان دەكات و بڕیاری كۆتایی لای دایك و باوك دەبێت لەم پرسەدا، هێزە شیعیەكان پێیانوایە دەستوری عێراق ئازادی ئەوەی پێداون بە گوێرەی مەزهەبی خۆیان كاروباری كەسێتیان پیادەبكەن، بەتایبەت لەپرسی هاوسەگیری و هەموو ئەو پرسانەی تری پەیوەستن بەم باتە، لەم بارەیەوە دەڵێن هاوڵاتیانی عێراق سەرپشكن لەوەی كام یاسایە هەڵدەبژێرن لە هاوسەرگیركردن، یاساكەی یان ئەوەی هەموار دەكرێتەوە، بەڵام پرسیارەكەدا لێرەدا ئەوەیە ئەگەر یاساكە هەموار بكرێتەوە بەچ شێوەیەك كار بە یاساكۆنەكە دەكرێت؟.
لەگەڵ ئەوەی ئەم یاسایە ناڕەزاییەكی زۆری چ لەسەر ئاستی ناوخۆ و هەم لەسەر ئاستی دەرەوەش دروستكردووەو بە پاكشەكشێیەكی زەقی لە بواری مافەكانی مرۆڤ، بەتایبەت مافی ژنان و منداڵان دەزانن، بەڵام هێزە سیاسیە باڵادەستەكانی شیعە پێداگرن لەسەر تێپەڕاندنی، بۆ ئەوەی جۆرێك لە كۆدەنگی نیشتمانیش بۆ ئەم یاسایە دروستبكەن، دەنگ بۆ یاسای گێڕانەوەی زەوی و زارەكان دەدەن بۆ رازیكردنی كورد بە دەنگدان بە یاسای باری كەسێتی، بۆ سوننەكانیش پشتیوانی تێپەڕاندنی یاسای لێبوردنی گشتی دەكەن، كە دەوترێت ئەم سێ‌ یاسایە لە رێككەوتنێكی ژێر بەژێردا تێپەڕاندنیان كراوە بەیەك پاكێج.
•بڕگەی سێیەمی دانیشتەكەی رۆژی یەك شەممەی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، تایبەتە بە دەنگدان لەسەر هەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتی ژمارە(27) ی ساڵی (2016).
هەمواركردنەوەی یاسای لێبوردنی گشتی یەكێك لە داواكارییە سەرەكییەكانی هێزە سونییەكان و خاڵێكی سەرەكی رێككەوتنی نێوانیشانە لەگەڵ هێزە شیعیەكان، لەسەروبەندی پێكهێنانی حكومەتی ئێستای عێراق.

لەماوەی رابردوودا بەهۆی ئەوەی سوننەكان دووچاری گێژاوی ململانێی ناوخۆیی بوون، بەتایبەت دوای دورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی لە پۆستی سەرۆكی پەرمان، پڕكردنەوەی ئەو پۆستە هێندەی تر ناوماڵی سوننەی دوچاری دابەشبون و پەرتەوازەی كرد، ئەوەش وایكرد هەمواركردنەوەی یاسای لێبوردنی گشتی بكەوێتە ژێرەوە، شیعەكان لە ئێستادا پێویستیان بە پشتیوانی سوننەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم یاسایە، بەتایبەت كە لەم پرسەدا بەریەككەوتنی راستەوخۆیان لەگەڵ ئەوانە نەك لەگەڵ كورد، بۆ ئەو مەبەستەش بەناچاری ملیانداوە بۆ رازیبون بە دەنگدان لەسەر یاسای لێبوردنی گشتی، كەپێشتر زۆرینەی هێزە شیعییەكان بەتوندی رەتیاندەكردەوە، بەوپێیەی رێگە بە ئازادكردنی هەزران سزادراو دەدات كە تێوەگلاون لەكاری تیرۆرستی و رشتنی خوێنی عێراقییەكان، لەحاڵەتی پەسەندكردنی ئەم یاسایەدا نزیكەی (9) هەزار زیندانی سزادراوی سوننە بە تۆمەتی تیرۆر، یاساكە دەیانگرێتەوەو ئازاد دەكرێن.
ئەوەی دەمێنێتەوەو لە خشتەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا نییە، پرسی هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێیە بۆ پەرلەمان، كە چوارچێوەی هەماهەنگی لە دواین كۆبونەوەیدا داوای لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق كرد لە دانیشتنی داهاتوودا، پرسی سەرۆكی پەرلەمان یەكلابكەنەوەو چیتر ئەو پۆستە بە بەتاڵی نەمێنێتەوە، هاوكات شەش هێزی سوننەكانیش بە سەرۆكایەتی حەلبوسی پشتیوانی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی مەحمود مەشهدانی راگەیاند بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، یان كردنەوەی سەرلەنوێی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ دیاریكردنی كاندێكی نوێ‌.
ئەگەر لە دانیشتنی سبەینێدا ئەو سێ‌ یاسایەی تایبەت بە كوردو شیعەو سوننە تێپەڕێنرێت، ئەگەر هەیە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانیش لەسەر داوای ژمارەی یاسای پەرلەمانتاران بخرێتە ناو خشتەی كاری دانیشتنەكانەوەو یەكلابكرێتەوە، بەوەش پەرلەمانی عێراق هەنگاوێكی گەورە بە ئاڕاستەی یەكلاكردنەوەی چەندین دۆسیەی گرنگ دەنێت.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close