
بایدن لە ژێر فشاری ئۆبامادا دەستبەرداری كاندیدبونی بووە
“هەڕەشەی دورخستنەوەی لە پۆستی سەرۆك لێكردووە”
كامالا هاریس ئامادەبوو لە دادگا دان بەوەدابنێت بایدن توانای سەرۆكایەتیكردنی نەماوە
“بە گوێرەی هەمواری (25) دەستوری ئەمریكا بایدن لەكار دەخرا”
باسک نێت
سیمۆر هێرش, رۆژنامەنوسی بنكۆڵكاری ئەمریكی ئاشكرایدەكات: باراك ئۆباما, سەرۆكی پێشوتری ئەمریكا, هەڕەشەی لە جۆ بایدن كردووە, ئەگەر لە كێبڕكێی هەڵبژاردن نەكشێتەوە, بە گوێرەی بیست و پێنجەمین هەمواری دەستور, لە پۆستی سەرۆكایەتی دوریدەخاتەوە.
جۆبایدن, سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا, رۆژی (21)ی ئەم مانگە, كشانەوەی خۆی لە كێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا راگەیاندو پشتیوانی بۆ كامالا هاریسی جێگری دەربڕی, وەك كاندیدی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی.
بەوتەی هێرش, ئۆباما بە بایدنی راگەیاندووە: رەزامەندی كامالا هاریسی بەدەستهێناوە, لەبارەی جوڵاندنی پرسی بێتوانایی سەرۆك, كە بەگوێرەی بیست و پێنجەمین هەمواری دەستوری ئەمریكا, دەكرێت سەرۆك لە پۆستەكەی دوربخرێتەوە ئەگەر فەرمانی ئەوە بەسەردا بدرێت, كە ناتوانێت چیتر ئەركەكانی رابپەڕێنێت و جێگرەكەی شوێنی دەگرێتەوە.
ئەو رۆژنامەنوسە ئاماژەی بەوەكردووە: لەو كاتەی ئۆباما پەیوەندی بە بایدنەوە كردووە, هاریس رەزامەندی سەركردەكانی حزبی دیموراتی بەدەستهێناوە وەك كاندیدی حزبەكە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی, پەیوەندییەكەی ئۆباما لەگەڵ بایدن, لەگەرمەی ناڕەزایی بەخشەرەكانی حزبی دیموكراتدا بووە, كە هەڕەشەی راگرتنی هاوكارییە مادییەكانیان كردووە, بەهۆی مەترسیان لە تەندروستی بایدن.
لەمیانی دیبەتەكەی جۆ بایدن, لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ, كاندیدی كۆمارییەكان, بایدن تووشی شكستێكی گەورە بووە, لەبەرامبەردا ئاستی جەماوەری ترەمپ بەشێوەیەكی بەرچاو هەڵكشا, ئەوەش وایكرد دەنگی ناڕەزایی لە ناو دیموكراتەكان بەرزببێتەوەو داوا لە بایدن بكەن لە كێبڕكێی هەڵبتژاردن بكشێتەوە, بەڵام لەسەرەتادا بایدن ئەو بیرۆكەیەی بە تەواوی رەتكردەوە, سەرەنجام لەژێر هەڵكشانی فشارەكاندا, دەستبەرداری كاندیدكردنی بوو بۆ هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا, كە بڕیارە رۆژی (5) تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
بایدن لە وتاری دەست لەكاركێشانەوەیەدا وتی: باشترین رێگا بۆ هەنگاونان بەرەو پێشەوە, رادەستكردنی مەشخەڵەكەیە بە نەوەی نوێ, ئەوە باشترین رێگایە بۆ یەكخستنی گەلەكەمان.




