
بەها ئەعرەجی: سودانی لەگەڵ ئەمریكیەكان رێككەوتووە
“وادەی كۆتایی كشانەوەی سوپای ئەمریكا دیاریكراوە”
ئەمریكا دەیەوێت بەلایەنی كەمەوە هێزەكانی بۆ (3) ساڵی تر بمێنێتەوە
بەغداد دەیەوێت مانەوەی (3) مانگی تر زیاتر نەخایەنێت
باسک نێت
بەها ئەعرەجی, جێگری پێشوتری سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند: بەغدادو واشنتۆن بەمزوانە دەگەنە رێككەوتنێكی مێژویی لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق.
ئەعرەجی, لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: ئەمرۆ خاڵەكانی كۆتایی دانران بۆ كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق, داوا لە بەهەڵستكاران دەكەم ئارامی بپارێزن, ئەوەی هەوڵی هەڵكشانی ئاڵۆزییەكان بدات, دەیەوێت هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بمێنێتەوە.
سودانی دەستكەوتی بەدەستهێناوە, بە تەواوكردنی رەشنوسی كشانەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان, كشانەوە لە دیوە سیاسیەكەیدا بەدیهاتووە, هەندێك نیگەرانن لەو رێككەوتنەو هەوڵی تێكدانی دەدەن.
پێشتر هەندێك لە میدیا عێراقیەكان دەنگۆی ئەوەیان بڵاوكردەوە, حكومەتی عێراق لەگەڵ واشنتۆن رێككەوتووە لەبارەی وادەی كۆتایی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و, سودانی لەڕێی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە لەگەڵ لایەنی ئەمریكی كۆبونەوەی لەبارەی كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە عێراق ئەنجامداوە, لە كۆبونەوەكدا رێككەوتن كراوە لەبارەی دیاریكردنی وادەیەكی كۆتایی, بۆ كۆتایهێنان بە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق.
لەلایەكی ترەوە, رۆژنامەی (المدی) لەزاری سەرچاوە سیاسیەكانەوە بڵاویكردووەتەوە, ناڕەزاییەكان لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی شێوازی ئیدارەدانی دۆسیەی كشانەوەی سوپای ئەمریكا لەلایەن سودانیەوە لە هەڵكشاندایە.
هێزە شیعیەكان گەیشتووەنەتە ئەو بڕوایەی, ویلایەتە یەكگرتووەكان بەلایەنی كەمەوە, داوای (3) ساڵ دەكات بۆ كشانەوەی هێزەكانی, ئەوەش پرسێكە هەندێك لە هێزە شیعەیكان دژین.
بەرزبونەوەی دەنگی ناڕەزایی لەناو هێزە شیعیەكان لەكاتێكدایە, عەبدولئەمیر یارەڵا, سەرۆكی ئەركانی سوپای عێراق بەنیازە لەم رۆژانەدا سەردانی واشنتۆن بكات و, داوای كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیماننان بكات لەماوەی سێ مانگی داهاتوودا, وەك دورترین وادە.




