پەرلەمانی عێراق وەرزێكی نوێی یاسادانان دەستپێدەكاتەوە
شیعەكان ئەمڕۆیان وەك دوا وادە بۆ سوننەكان دیاریكردووە
“بۆ رێككەوتن لەسەر دیاریكردنی كەسێك بۆ سەرۆكی پەرلەمان”
هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان لە خشتەی كاری پەرلەماندا نیە
باسک نێت
ئەمڕۆ پشووی پەرلەمانی عێراق كۆتایدێت و, یەكەمین كۆبونەوەی وەرزی دووەمی لە ساڵی یاسادانانی سێیەم رێكدەخات.
بەگوێرەی ئەو خشتەیەی كارەی, فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاویكردووەتەوە, دانیشتنی ئەمڕۆ چوار بڕگە لە خۆدەگرێت, كە تایبەتە بە هەمواری یەكەمی یاسای دامەزراوەی شەهیدان و, پەسەندكردنی رێككەوتننامەی خزمەتگوزاری ئاسمانی نێوان عێراق و ئازەربیجان و, پرۆژە یاسای دەزگای هەواڵگری نیشتمانی و, هەمواری یاسای پاسپۆرتە.
لەگەڵ ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنكی شیعەكان, ئەمڕۆیان وەك دوا وادە بۆ هێزە سوننیەكان دیاریكردووە, بۆ رێككەوتن لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان, بەڵام ئەو بابەتە لە خشتەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا نیەو, هیچ ئاماژەیەكیش نیە لەبارەی رێككەوتنی سوننەكان لەسەر ئەو پۆستە.
لە چەند رۆژی رابردودا, عائید هیلالی , سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا جەخیتكرد, هێزە شیعیەكان دواین وادەیان بۆ هێزە سوننیەكان داناوە, كە رۆژی (20)ی ئەم مانگەیە, بۆ رێككەوتن لەسەر دیاریكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان, بەپێچەوانەوە پەرلەمانتارەكانیان سەرپشك دەكەن لە دەنگدان بە كاندیدەكان.
تائێستا حزبی تەقدوم, كە محەمەد حەلبوسی, سەرۆكایەتی دەكات پێداگرە لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە و, بە شایستەی هەڵبژاردنی خۆی دەزانێت, ئەوە لەكاتێكدایە, سالم عیساوی كاندیدی (سیادەو حەسم و عەزم) زۆرترین چانسی بردنەوەی ئەو پۆستەی هەیە.
پێشتریش رۆژنامەی (الشرق الاوسط) بڵاویكردەوە, مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان, لە كاتی سەردانەكەی بۆ بەغداد و كۆبونەوەی لەگەڵ سەركردەی هێزە سوننیەكان, دەستپێشخەریەكی بۆ پێشنیازكردوون بۆ یەكلایكردنەوەی ئەو پۆستە, بەگوێرەی دەستپێشخەرییەكەی بارزانی, كاندیدێكی چارەسەر (تسویە) دابنرێت, كە هەموو لایەنەكان لەسەری كۆك بن, یان پرۆسەی هەڵبژاردن لەنێوان ئەو دوو كاندیدەی ئێستا (سالم عیساوی و مەحمود مەشهەدانی) لە پەرلەمانی عێراق ئەنجامبدرێت, هەر كامێكیان لەگەڕی یەكەم زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا, پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت, واتە هەڵبژاردن لەگەڕی یەكەمدا یەكلابكرێتەوەو نەچێتە گەڕی دووەم.
لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە