ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، سەرجەم داتا و زانیارییە داواکراوەکانیان ڕادەستی بەغدا کردووە و پێشبینی دەکەن لەم هەفتەیەدا دوو مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان ڕەوانە بکرێت.
ئەمرۆ یەك شەممە 14_ی تەموز_ی 2024 بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لەلایەن تیمێکی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە وردبینی لە لیستەکانی مووچەدا کرا، پێشبینی دەکەین ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی پێنج و شەشی هێزە ئەمنییەکان بنێردرێت.
ئاماژەی بەوەش كرد،وەزارەتمان لەسەر لیستی مووچەخۆرانی، سەرجەم ئەو داتا و زانیارییانەی خستووەتەوەڕوو کە حکومەتی فیدراڵی داوای کردبوو؛ تاوەکو ئێستاش لەلایەن دیوانی چاودێریی داراییەوە، شتێک داوا نەکراوە کە جێبەجێمان نەکردبێت.”
ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر مووچەی هێزە ئەمنییەکان بۆ مانگەکانی پێنج و شەش بەبێ کێشە بنێردرێت، وردبینییەکانی دیوانی چاودێریی داراییش لە کاتی لیستی مووچەی مانگەکانی حەوت و هەشت تەواو دەکرێن، “بێگومان تاوەکو ئەوکات، دەرفەتێک هەیە بۆ هەموو هێزە ئەمنییەکان کە بتوانن خۆیان لەگەڵ داتا داواکراوەکان بگونجێنن.”
باسی لەوەش كرد، “هەموو کات جیا لە کێشەی تەکنیکی، ئیداری و دارایی، کێشەی سیاسیش هەیە؛ بۆ ئەوەی رێگە بە هەڵوێستە سیاسییەکان نەدەین، دەبێ لە رێکارە ئیداری و داراییەکانی ناردنی مووچەدا، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بسازێین.”