وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند: تاوەکو ئێستا 68 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە و 26 ملیار دیناریش نێردراوە.
باسک نێت
ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی حوزەیرانی 2024، حەیدەر گەرعاوی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند: تاوەکو ئێستا 68 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە، پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم باسی لەوەشکرد، تاوەکو ئێستا 26 ملیار دیناری شایستەی دارایی جووتیاران بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە.
ئەوەشی خستەروو، تاوەکو ئێستا چوار ملیۆن و 670 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران لە سەرتاسەری عێراق وەرگیراوە و، پرۆسەی وەرگرتنیش بەردەوامە.
حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم و عێراق ڕێککەوتوون کە ئەمساڵ 700 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت، بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دینار دەداتە جووتیاران.
لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن وەردەگیرێت، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆک 189 هەزار تۆن وەردەگیرێت.