ئەمڕۆ 32 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە تیایدا یەکەمین ئەزمونی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا تاقی کرایەوە، جێی ئاماژە پێدانە بزوتنەوەی ئیسلامیش لەو پڕۆسەیەدا هێزێکی سەرەکی بوو، وە ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە بەڕێوبردنی پڕۆسەکە و بە بایەخەوە چاودێری یەکەمین ئەزمونی کایەی خۆبەڕێوبەری سیاسی دەکرد، لەبەرئەوەی پاش چەندین ساڵ خەباتی سیاسی و شۆڕشگێڕی لەپاش دەوڵەتەکەی قازی محمد یەکەمین جار بوو کورد خۆی داڕێژەری سیستەمی سیاسی خۆی بێت و ئیدارە و حکومەتی سەربەخۆی خۆی دابمەزرێنێت.
لەپاش سێ دەیە حوکمڕانی کوردی ، بەداخەوە تائێستا پڕۆسەی هەڵبژاردن و ئەزمونە دیموکراسیەکان نەیانتوانیوە دابینکەری بەرژەوەندیەکانی خەڵک و بنیاتنەری حکومەتێکی بەهێز و حوکمڕانیەتێکی ڕەشید بن .
بزوتنەوەی ئیسلامی شکستی ئەزمونی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە ، که هەڵبژاردنەکان هەمیشە بەشێوازێکی شەفافانە بەڕێوە نەچوون ، بۆ ئەمەش هەمیشە بزوتنەوەی ئیسلامی هۆشداری توندی داوە تەنانەت تا ئاستی بایکۆت کردنی پڕۆسەکە . هۆکارێکی تر بریتی بووە لەوەی کە هەمیشە براوەکانی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان نەیانتوانیوە بەرپرسیارێتی دەنگدەران هەڵبگرن و بەئاڕاستەی خزمەت کردنی کۆمەڵانی خەڵکدا حکومەت بەڕێوە ببەن، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکیە بۆئەوەی هەمیشە زۆرێک لە هاوڵاتیان باوەڕیان به پڕۆسەی هەڵبژاردن نەمێنێت بێت وەک ئالیەتێکی گۆڕانکاری سیاسی .
بۆیە بزوتنەوەی ئیسلامی بە گەڕانەوەی بە ئەزمونە سیاسیەکانی ڕابردوودا هۆشداری دەدات کە تەنیا سندوقەکانی هەڵبژاردن تاکە میکانیزمی گۆڕانکاری یەکلاکەرەوەیە بۆ چارەسەر کردنی ژیانی ئابوری و کۆمەڵایەتی خەڵک .