
سەرکردەیەکی سیاسیی تورکمانی ڕایگەیاند، فشار لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکرێت پارێزگارێک بۆ کەرکوک دابنێت، تا ئەوکاتەی لایەنەکان لەسەر چۆنیەتیی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک ڕێکدەکەون.
باسک نێت – کەرکوک
نەجات حسێن، سەرکردەی سیاسیی تورکمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند: “تائێستا هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان پێکهاتەکانی کەرکوک لەسەر پۆستی پارێزگار نەکراوە، ڕێککەوتنیش ئەنجامنادرێت، مەگەر هەڵبژاردن ئەنجامبدرێتەوە یاخود دەستوەردان بکرێت بۆ ڕێکخستنی نێوان لایەنەکانی کەرکوک”.
وتیشی: “عەرەب پۆستی پارێزگار بە هی خۆی دەزانێت و کوردیش داوایدەکات، ڕێککەوتن هەیە دوو ساڵ بە دوو ساڵ، بەڵام هیچ لایەک متمانەی بەویتر نییە و کورد داوا دەکات دوو ساڵی یەکەم پۆستی پارێزگار بۆ ئەو بێت و عەرەبیش هەمان داوای هەیە”.
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، کورد حەوت کورسی، عەرەبی سونە شەش کورسی، تورکمان دوو کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش کورسییەکی لە کۆی 16 کورسیی ئەنجومەنی پارێزگاکە بەدەستهێناوە.
بڕیاربوو لە ڕۆژی 5ـی شوباتی 2024، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامبدات، بەڵام بەهۆی بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکە لەلایەن کوتلەی عەرەبی و تورکمانییەوە؛ کۆبوونەوەکە شکستیهێنا و تائێستا حکومەتی خۆجێی کەرکوک پێکنەهێنراوە.
ڕۆژی سێی ئازاری 2024، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ دووەمجار لەگەڵ نوێنەری کورد، عەرەب و تورکمان کۆبووەوە. بەپێی ڕاگەیەنراوی ئەوکاتی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕێککەوتن کرابوو لەسەر بەردەوامیدان بە دیالۆگی نێوان لایەنە براوەکان لەپێناو گفتوگۆکردن لەسەر کارنامەکانیان تا لەماوەی دوو هەفتەدا لەسەر کارنامەیەک ڕێکبکەون.
ئێستا و دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و لایەنە براوەکانی کەرکوک، هێشتا کۆبوونەوەی سێیەم ئەنجامنەدراوە و حکومەتی خۆجێی کەرکوکیش پێکنەهێنراوە.




