كوردستانهەواڵ

ڕاگەیندراوێک لە پارێزگای هەولێرەوە، لە بارەی سووتانی “بازاڕی قەیسەرى”

‎دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو 2024.5.5، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەرى شاری هەولێر کەوتەوە، دەمودەست تیمەکانی (بەرگریی شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، زێڕەڤانی، هاتووچۆ، تەندروستی، شارەوانی) گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و بە هەوڵى ئەفسەر و کارمەندانی بەرگریی شارستانی توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵبکرێت، دواى کۆنتڕۆڵکردنى ئاگرەکە لیژنەیەکى تایبەت بە خەمڵاندنى زیانەکان پێکهێنرا و بەپێى دواین ئامار لە کۆی زیاتر لە (4000) دوکان، (227) دوکان و (7) کۆگایى بچووکى بازاڕەکە سووتان و زیانیان پێگەیشتووە، ئەمڕۆش دوای خەمڵاندنی زەر و زیانەکان دەست بە پاککردنەوەى تەواوی بازاڕەکە کراوە.

‎سوپاس بۆ “خودا” لە ڕوودانی ئەو کارەساتە، جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە، بەڵام بەداخەوە بە هۆى قەرەباڵغێەکى زۆرى هاوڵاتییان لە شوێنى ڕووداوەکە، (132) کەس لە ئەفەسەر و کارمەندانی بەرگری شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، کاسبکار و هاوڵاتی، بریندار بوون و بەشێکیشیان بە هۆی دوکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستیان تێکچوو، و هەرزوو لە لایەن تیمەکانی تەندروستی لە شوێنی ڕووداوەکە (117) كەسيان چارەسەرکران و (15) كەسى تريشان کە پێویست بوون گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەى فریاکەوتن و چارەسەری پێویستیان بۆ وەرگیرا.

‎وێڕای دەستخۆشیمان لە تیمەکانی (بەرگری شارستانی، پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، هاتووچۆ، تەندروستی، شارەوانی، قائیمقامیەتى ناوەندى، پۆلیسى شارەوانى، قەیرانەکانى پارێزگا، دەزگاى خێرخوازى بارزانى، ژینگە پارێزى) لە بەرامبەر هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و بە هاناوەچوونی دوکاندار و زیانلێکەوتووانى بازاڕکە، هاوڵاتییانی شارى هەولێر دڵنیا دەکەینەوە، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە و خەمڵاندنى قەبارەی زیانە ماددییەکان پێکهێنراوە و لەو نزیکانە دەرەنجامەکانى ئاشکرا دەکرێت.

‎ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر
2024.5.6

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close