لیستی مووچەی مانگی پێنج بە پلەبەرزکردنەوەی لەگەڵدا دەبێت
باسک نێت
وەزارەتی دارایی داوای لە وەزارەت و فەرمانگەکان کردووە لیستی مووچەی مانگی ئایار بە پلەبەرزکردنەوەوە بنێرن. دەستکراوە بە وردبینی بۆ لیستەکان.
هەر فەرمانبەرێک یەک بۆ سێ پلە بەرزدەکرێتەوە. بەگوێرەی خزمەت و بڕوانامە بۆ هەر پلەیەک لەنێوان 28 بۆ 68 هەزار دینار دەخرێتە سەر مووچەکەی.
ئارام عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە میدیای پارتی راگەیاند، حکومەتی عێراق پارەی پلەبەرزکردنەوە خەرجدەکات: ”بڕیاری دادگای فیدراڵییە مووچە وەک عێراقی لێبکرێت.”
بەپێی یاسای بودجە مووچە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت، کورتهێنانیش هەبێت، حکومەتی عێراق قەرەبووی دەکاتەوە.
بە مەزەندەی وەزارەتی دارایی، پلە بەرزکردنەوە مانگانە 70 بۆ 100 ملیار دیناری پێویستە.
هەشت ساڵە بەهۆی قەیرانی داراییەوە پلەبەرزکردنەوە راگیراوە.