کەشناسی عێراق، پێشبینیدەکات ئەمڕۆ شەممە، لە ناوچەکانی ناوەراست و باشووری عێراق نیمچە هەور بێت و ئەگەرى نمەباران و هەورە بروسکەش لە ناوچەکانی رۆژهەڵات هەیە.
لەبارەى کەشوهەواى ناوچەکانى هەرێمى کوردستانەوە کەشناسیى عێراق پێشبینیکردووە، بارانی بەخوڕ ببارێت و هەندێکجار هەورە بروسکەشی لەگەڵدا دەبێت و خێرایی با لە نێوان 6 بۆ 8 کلیۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا.
کەشناسیی عێراق هۆشداریداوە، لە کاتەکانی شەودا لە ناوچەکانی سلێمانی و کەرکوک، بارانی بەخوڕ دەبارێت و پلەکانی گەرما بەراورد بەرۆژانی رابردوو نزمتر دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاستی بینین لە نێوان 6 بۆ 8 کلیۆمەتر دەبێت، بەڵام لە کاتی باراندا، ئاستی بینین دێتەخوارەوە بۆ 3 بۆ 5 کیلۆمەتر.
هاوکات سادق عەتیە، شارەزاى کەشناسى رایگەیاند، چاوەڕواندەکرێت، ئەمڕۆ شەممە، لە پارێزگاکانی نەجەف و کەربەلا و بابل و واست و سەماوە و بەغداد و دیالە و سلێمانی و کەرکوک و موسڵ و هەولێر و دهۆک باران بەردەوام بێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشبینیدەکرێت لە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممەدا لە زۆربەی شارەکان بارانی بەخوڕ و لە هەندێک ناوچە تەرزە و هەورەبروسکەی لەگەڵدا بێت!