
ئەلینا رۆمانوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا لە میانی وتارێکیدا کە لە ژمارەی ئەمڕۆی ڕۆژنامەی سەباح بڵاوکراوەتەوە، باسی لە گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان وڵاتەکەی و عێراق کرد و ڕایگەیاند، “ئێمە پابەندین بە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و سەرەوەری عێراق و شانبەشانی هاوبەشە عێراقییەکانمان، وڵاتەکەمان لە بەڵای دا”ع”ش ڕزگارکرد”.
هۆشداریشیدا لەوە کە “لەگەڵ دەیەمین ساڵیادی دەرکەوتنی دا”ع”ش و پێنج ساڵەی شکستپێهێنانی، پێویستە ڕوون بین بەرامبەر ئەو هەڕەشەیەی کە هێشتا دا”ع”ش لە عێراق و سووریاوە لەسەر عێراق دروستی دەکات”.
باڵیۆزی ئەمریکا دەڵێت: “دەمانەوێت هێزە عێراقییەکان توانای پێویستیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داهاتوو هەبێت، هەر بۆیە لە ساڵی 2012ەوە کۆنگرێسی ئەمریکا زیاتر لە 3.5 ملیار دۆلاری بۆ بنیادنانی توانای هێزە عیراقییەکان تەرخان کردووە و پشتیوانییەکی بەردەوامی گرنگ و پێداویستی لە جۆری فڕۆکەی شەڕکەری ئێف 16 و تانکی ئەبرامز پێشکەشی عێراق دەکات”.
هەروەها دەڵێت: “بەڵام لە پەیوەندییەکی ئەمنی زیاترمان پێویستە، پێویستمان بە پەیوەندییەکی ئابووری، ڕۆشنبیری و فێرکردن و میللی هەیە بۆ بنیادنانی عێراقێکی هاوچەرخ و ئارام و سەقامگیر و خاوەن سەروەری و درەوشاوە کە پەیوەندی لەگەڵ جیهاندا هەبێت”.
ئەلینا رۆمانوسکی دەشڵێت: “هەندێك وڵات لە دەرگای عێراقیان داوە بۆ ئەوەی ببنە جێگرەوەی ئەمریکا و هاوبەشەکانی، بەڵام وەك باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکان پێموانییە کە هیچکام لەو وڵاتانە بە ئەندازەی ئەمریکا پێشکەشی گەلی عێراق بکەن”.