عێراقكوردستانهەواڵ

دادگای فیدڕاڵی، بڕیار لەسەر چارەنوسی فڕۆکەخانەکانی هەولێرو سلێمانی دەدات

باسک نێت

دوای هەڵوەشانەوەی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق لەلایەن حکومەتی عێراقی و دروستکردنی کۆمپانیای گشتی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکان و ڕێکخستنی ئاسمانی و گواستنەوەی ئیدارەی فڕۆکەخانەکان و ڕێکخستنی گەشتەکان بۆ سەر ئەو کۆمپانیایە کە کۆمپانیایەکی حکومییەو سەر بە وەزارەتی گواستنەوەیە، سێ پەرلەمانتاری عێراق دوو سکاڵایان لە دادگای فیدڕاڵی تۆمار کردووە.

یەکەمین سکاڵا لەلایەن سعود ساعدی و سکاڵای دووەم لەلایەن محسن کازم و حسام عەبدولزەهرە تۆمار کراون. لە سکاڵاکاندا پێکهێنانی کۆمپانیاکە بەنادەستوری ناودەبەن و داوا دەکەن دادگای فیدڕاڵی لە بارەی ئیدارەی فڕۆکەخانە مەدەنییەکانەوە بڕیار بدات.

ڕۆژی ۲۰ی ئەم مانگە وەک کاتی یەکەم دانیشتن بۆ هەردوو سکاڵاکە دیاری کراوە.

بەو پێیەی سکاڵاکاران کەسانی نزیکن لە حکومەتی عێراق و هەمویان ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگین و تەنانەت سعود ساعدی کە پەرلەمانتاری بزوتنەوەی حقوقەو پەرلەمانتاری باڵی سیاسی کەتائیبی حزبوڵای عێراقە و پشتیوانی عەبدولڕەزاق سەعداوی وەزیری گواستنەوەیە. گومان دەکرێت ئامانجی سکاڵاکە بۆ ئەوە بێت دادگای فیدڕاڵی بڕیار لەسەر بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکان بدات و دەسەڵاتی حکومەتی ناوەند بەسەر فڕۆکەخانەکانی هەرێمدا بسەپێنێت.

پێدەچێت ئامانجی سکاڵاکاران ئەوە بێت دادگای فیدڕاڵی کۆمپانیای بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکان و گەشتە ئاسمانییەکان، وەک دەزگایەکی فیدڕاڵی لەسەر ئاستی عێراق بناسێنێت کە مافی بەڕێوەبردنی هەموو فڕۆکەخانەکانی هەبێت. ئەو کات گرفتێکی نوێ لە نێوان هەرێم و بەغداد دروست بێت لەسەر بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکان و دەستی بەغدا کراوە بێت لە ئیدارەدانی هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close